شاژنە نور دایکی شازادە حەمزە بن حسین ئیدانەی دەستبەسەرکردنی کوڕەکەی کرد و ڕایگەیاند، نوێژ دەکات لە پێناو جێبەجێکردنی دادپەوەریی بۆ سەرجەم دەستگیراوە بێتاوانەکان.
شاژنە نورلە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، لێدوانەکانی حکومەتی ئوردنی بە دروستکراو ناوبردووە کە ئاراستەی کوڕەکەی کراوە.
شاژنە نور نوسیویەتی "دەپاڕێمەوە لە پێناو ئەوەی ڕاستی و دادپەروەریی بچەسپێت بۆ هەموو ئەو دەستگیرکراوە بێتاوانانەی کە بە تۆمەتی ناڕەوا دەستگی کراون".
ئەو وتانەی دایکی شازادە حەمزە بن حسین لە کاتێکدایە، ناوبراو بە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە لە بی بی سی بەریتانی بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات لە ماڵەوە دەستبەسەرکراوە و ڕێگەی هیچ پەیوەندییەکی پێنادرێت و هەموو پاسەوانەکانیشی لێسەندراوەتەوە..
شازادە حەمزە ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستی لە هیچ پیلانێکدا نییە لە دژی وڵاتەکەی، بەڵام ئاماژەی کردووە بە هەرەسهێنانی سیستمی دەسەڵاتی وڵاتەکەی و تەشەنەکردنی گەندەڵی و لاوازی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
ئەیمەن سەفدی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئوردن ڕایگەیاند، دەزگا ئەمنییەکانی ئوردن کەسێکیان دەستگیرکردووە، سەر بە دەزگای ئەمنی بیانی بووە و ئەو کەسەش پەیوەندیی هەبووە بە خێزانی شازادە حەمزە بن حسین، کە فڕۆکەیەکیان بۆ ئامادە کراوە بۆ ئەوەی بە پەلە لە وڵات بچنە دەرەوە بەرەو وڵاتێکی بیانی.
حکومەتی ئوردن ئاماژەی بەوەشکردووە، تەواوی پلانەکە شکستی پێهێنراوە و لە ئێستادا دەزگا ئەمنییەکان لە قۆناغی لێکۆڵینەوەی چڕدان.
ئاشکرایشکردووە، هەموو ئەو کەسانەش دەستگیر کراون کە لە نزیک بوون لە شازادە حەمزە بن حسینەوە، ناوبراو داوای لێکراوە دەستبەرداری ئەو چالاکیانە بێت کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی وڵات دەگەیەنێت.
سەفدی ئاشکرایکرد، شازادە حەمزە ڕەتیکردووەتەوە، ملکەچی ڕاگرتنی چالاکییەکانی بێت و بەشێوەیەکی نەرێنی مامەڵەی لەگەڵ داوای دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان کردووە.
جێگری سەرۆک وەزیری ئوردن ئاشکرایکرد، تا ئێستا ١٤ بۆ ١٦ کەس دەستگیر کراون، بەڵام هیچ ئەفسەرێکی باڵای سوپا و ژەنەڕاڵیان تێدا نییە.