ئایا پەتای کۆرۆنا لە پشكنینی خوێن دەردەکەوێت؟

د. عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو
  13/11/2020  |    2551 جار خوێندراوەتەوە

رۆژانە دەیان کەس پەیوەندیم پێوە دەکەن و ده‌رباره‌ی كۆڕۆناو ده‌رهاویشته‌كانی پرسیار ده‌كه‌ن، ھەندێکیان باسی ئه‌وه‌ دەکەن، دوای يئه‌نجامدانی پشکنینی خوێن پێیان راگه‌یاندوون، بە سووکی تووشی ئەو پەتایە بووینه‌!

سەرەتا ده‌مه‌وێت يئاماژه‌ بەوە بكه‌م، کە پشکنینی خوێن بۆ زۆربەی هەرەزۆری تووشبوانی ئەو پەتایە بە هیچ شێوەیەک پێویست نیە و هیج کاریگەریه‌كی لەسەر دیاریکردنی چارەسەری ئەو پەتایە نیه‌، ئەو پشکنینانە جگە لە بەهەدەردانی پارە ، زۆر جاران دەبێتە هۆی درووستبوونی دلەراوکێ لای نەخۆش و بە هۆی ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئەو پشکنینانە، هانیان ده‌دات پەنا بۆ هەندێک چارەسەری ببه‌ن ، كه‌ نەک هەر سوودیان نیە ، بگره‌ ئەگەری ئەوەشیان هەیە زیان بە نەخۆشه‌گه‌ بگەیەنن!

پشکنینی خوێن و تیشک تەنها بۆ ئەو کەسانە پێویستە، کە بە توندی تووشی ئەو پەتایە بووینەو کێشەی تەنگه‌ نه‌فه‌‌سی و دابەزینی رێژەی ئۆکسجیان هەیە، له‌و حاله‌ته‌شدا دەبێت لە ژێر چاودێری پزیشکدا بن، دیارە کۆمەلێک پشکنینی خوێن لە تاڤیگەکان بۆ خەلک دەکرێت، بەلام ئه‌و پكشنینانه‌ی به‌هۆی كۆڕۆناوه‌ بە شێوەیەکی بەربلاو ده‌كرێت، ده‌توانین له‌ چه‌ند جۆرێكیان كورتبكه‌ینه‌وه‌:

1-پشکنینی FBC، کە لە کوردستان به‌ پشكنینی کۆمپلیت ناوزه‌د ده‌كرێت ، ئەم پشکنینە رێژەی هیمۆگلۆبین و خرۆکە سپی و خەپلەکانی خوێن به‌دیارده‌خات،کەمبوونەوەی جۆرێک له‌ خرۆکەی سپی، کە پێی دەووترێت لیمفۆسایت لە بەشێکی تووشبوانی ئەو پەتایە به‌دیده‌كرێت، بەلام كه‌مبوونه‌وه‌ی ئه‌و خڕۆكه‌ سپیه‌ بە هیچ شێوەیەک ئه‌وه‌ ناگایەنێت، کە ئەو کەسە بە دلنیایی تووشی په‌تای کۆرۆنا بووە ، لە هەمان کات ئەگەر رێژەی لیمفۆسایت نۆرمال بێت ئەوە ناگەیەنێ کە نەخۆشەکە کۆرۆنای نیە.

2--پشكنینی CRP ، كه‌ بە هۆی هەوکردن بەرزدەبێتەوە ، جا ئه‌و هه‌وكردنه‌ به‌هۆی ڤایرۆسه‌وه‌ بێت یاخود به‌كتریا، به‌ڵام به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی ئه‌و هه‌وكردنه‌ش ئەوە ناگەیەنێت، کە نەخۆش تووشی کۆرۆنا بووە . خەلکانێکی زۆر ئەو پشکنینە لە گەل پشكنینی، PCR کە له‌ لووت و قوڕگە سامپڵ وه‌رده‌گرن تێکەل دەکەن .

3- پشكنینی D-Dimer، کە لەناو خەلک بە پشکنینی خوێن مەین دەناسرێت ، ئەمەشیان لە گەل هەر جۆرێکی هەوکردن ئەگەری هەیە رێژه‌كه‌ی بگۆڕێت و تۆزێک بەرزبێتەوە، به‌ڵام بە هیچ شێوەیەک ئەوە ناگەیەنێت، کە نەخۆش تووشی خوێن مەین بووە.

4- پشكنینی Ferritin وESR ، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئەم پشکنینانەش به‌هۆی هه‌وكردنه‌وه‌ ئەگەری ئەوەیان هەیە بەرزببنه‌وه‌ ، بەلام به‌هیچ شێوه‌یه‌ك رۆلیان لە دەستنیشانکردنی پەتای کۆرۆنا نیه‌!.

5- پشکنینی خوێنی سیرۆلۆژی، کە بە پشكنینی IgM و IgG ناسراوه‌، ئەو پشکنینە بۆ دیاریکردنی بڕی دژەتەن بەرامبەر ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ ئه‌نجام ده‌درێت و خەلکێكی زۆر بۆ دەستنیشانکردنی پەتای کۆرۆنا ئەو پشكنینه‌ دەکەن، تێبینیم کردووە ئه‌م پشكنینه‌ ده‌بێته‌ هۆی سەرلێشێواندنی نه‌خۆش ، چونكه‌ نیگەتیڤی و پۆژەتیڤی هەریەک لەم دژەتەنانە کۆمەلێک ئەگەر دەخاتە پێش نەخۆش، كه‌ ره‌نگ بێت له‌راستیه‌وه‌ دوور بێت، کۆمەلێک تاقیگە لە کوردستان ئەو پشکنینە دەکەن ، جێگای سه‌رنجه‌ رێژه‌ی ئه‌و دژه‌ ته‌نانه‌ لە تاقیگەیەک بۆ یەکێکی تر دەگۆرێت، چونکه‌ دەوەستێتە سه‌ر جۆری ئەو شیکردنەوەیه‌ی دەکرێت .

دژەتەنی IgM ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ دوای پێنج رۆژ لە تووشبون بەو پەتایە لە خوێن به‌دیاركه‌وێت، لە هەندێک حالەت ماوەیەکی زۆرتری دەوێت ، بۆیە ئەگەر نه‌خۆش لە چەند رۆژی یەکەمی سەرھەلدانی ئەو پەتایە ئەو پشکنینە بکات ، نیگەتیڤ دەردەچێت، لە کاتێکدا هەلگری ڤایرۆسەكه‌یه‌، ئه‌مه‌ش دەبێتە هۆی ئه‌وه‌ی ئەندامه‌كانی خێزانه‌كه‌ی و خه‌ڵكانی تری چوارده‌وری دووچاری ئه‌و پەتایە بكات جونکە نەخۆش واتێدەگات کە پەتای کۆرۆنای نیە .

ئەگەر کەسێک لە رابردوودا نیشانەکانی ئەو پەتایەی لێبه‌دره‌كه‌وتووه‌و دەیەوێت ئێستا دلنیا بێته‌وه‌ له‌وه‌ی تووشی كۆڕۆنا بوه‌ یاخود نا، دەکرێت دوای تێپه‌ڕینی مانگێک بەسەر نیشانه‌كانی  پشكنیی IgG بکات ، ئەگەر پۆزەتیڤ بێت، ئەو كاته‌ ئه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌، کە ئەو کەسە دژەتەن و بەرگری پێویستی دروست کردووە.

هه‌رچی ئه‌وانه‌ی دەیانەوێت دلنیا بنه‌وه‌ له‌وه‌ی نیشانه‌كانیان هی پەتای کۆرۆنایە یاخود نا، یا لە كاره‌كانیان داوایان لێدەکرێت حۆیان بپشكنن ، پێویسته‌ پشكنینی PCR بكه‌ن، کە وه‌ك ئاماژه‌مان پێكرد بەشێوەی سامپل لە قوڕگ و لووت وەردەگیرێت ، تەنانەت ئەو پشكنینه‌ش لە رێژەیەکی بەرچاوی تووشبوان بە نیگەتیڤ دەردەکەوێت لە کاتێک هەلگری ڤایرۆسەکەنە ، بۆیه‌ ئەگەر نیشانەکانی ئەو پەتایەت هەیە، باشتر وایە هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وەک تووشبوێک مامەلە لەگەل خۆت و دەوروبەره‌كه‌تدا بکەیت ، بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ لە ماڵەوە پشوو بده‌یت ، چونكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی گشتی پشكنینی خوێن ناتوانێت رۆلێكی به‌رچاو ببینێت لە دیاریکردنی پەتای کۆرۆنا و بە هیچ شێوەیەک لە چارەسەری ئەو نەخۆشانە ناگۆرێت کە بە سووکی تووشی ئەو پەتایە بوونە.

زیاتر