ئایا ڤاکسینی ئەسترازێنیکا خەڵک دەکوژێت؟

د. عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو
  07/04/2021  |    1253 جار خوێندراوەتەوە

جێگای داخە میدیاکانی کوردستان لەبری ئەوەی ڕاستییە زانستییەکان دەربارەی ڤاکسینەکان بۆ خەڵک روونبکەوە ، بەدیاریکراوی ڤاکسینی ئەسترازێنیکا، کە لە ئێستادا بڕێکی کەمى لە کوردستان لەبەردەستە، خەڵک دەتۆقێنن! ئەو کەناڵانەی لافی ئەوە لێدەدەن، كە زۆرترین بینەریان هەیە، بە مانشێتەکانیان خەڵك لە وەرگرتنی ڤاکسین ساردەكەنەوە و دەیانترسێنن، لەبری ئەوەی باسی ئەوە بکەن، کە لە وڵاتێكی وەكو  بەریتانیا تا ئێستا ١٩ ملیۆن کەس ئەو ڤاکسینەی وەرگرتووە ، باسی مردنی حەوت کەس بەهۆی ئەو ڤاكسینەوە ، کە تا ئێستاش بە تەواوی یەکلانەبۆتەوە، ئەو مردنە پەیوەندی راستەوخۆی بە ڤاکسینەكەوە هەیە! گریمان  ئەگەر ئەمە یەکلاش بووەوە، ئەو ژمارەیە زۆر كەمە بە بەراورد بە ملیۆنان خەڵك، كە سوودیان لەو ڤاكسینە بینیوە. بۆ نمونە ئەگەر پێنج ملیۆن كەس لە کوردستان ڤاکسینی ئەسترازێنیکا وەرگرن، بە پێی ئەو داتایانەی لەبەردەستدایە رێژەی مردن ناگاتە  سێ کەس ! .

خەریكە کەناڵەکانی راگەیاندن چۆن لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو پەتایەوە خەڵكیان دەتۆقاند و چەندین هەواڵ و زانیاری بێ بنەما و هەڵەیان بڵاودەکردەوە، ئێستاش بۆ ڤاكسینەكە هەمان گاڵتەجاری دووبارە دەكەنەوە!. لەسەرەتای سەرهەڵدانی كۆڕۆناوە بروای تەواوم بەوە هەبوو،  کە دەبێت ئێمەی دکتۆر رۆلی سەرەکی لە هۆشیارکردنەوەی خەلک دەربارەی ئەو پەتا نەگریسە ببینین، هەر بۆیە وەک بەشێک لە هاوکارانم دوور لە شاشەکانی تەلەفزیۆن لە رێگای سۆشیال مییدیاكانەوە ئەو ئەركەمان جێبەجێكرد، لە  ئێستاشدا دەبێت هەموو  هەولەکانمان لە دلنیاکردنەوەی خەڵک لە ڤاکسینەکان چڕ بكەینەوە. برادەرێکی بڕیار بەدەست لە حکومەت ئەمرۆ پەیوەندی پێوەکردم ، دیاربوو حەزی دەکرد رای من بزانێت کە چی بکرێت لە ئێستادا، کۆمەڵێک پێشنیارم بۆ کرد، پێم ووت پێش هەموو شتێک سنورێک بۆ کەناڵەکانی راگەیاندتان دابنێن باچیتر خەڵك نەتۆقێنن،  نەبوونی ئەو كەناڵانە لەبوونیان بەو شێوەیە باشترە،  دەبێت حکومەت هەوڵی جدی بدات بۆ دابینکردنی برێکی زیاتری ڤاکسین و وەزارەتی تەندرووستی جگە لە چارەسەری ئەو کەسانەی تووشی ئەو پەتایە بووینە ، ئامادەکاری زیاتر بکات بۆ فراوانکردنی بنکەکانی کوتان ، چونکە من وەك کەسێکی باوەڕ بە زانست ، دلنیام  لە کۆتاییدا هەر زانستە سەردەکەوێت، ئەگەر خەڵکی کوردستان ئەمرۆش ترسیان هەبێت و دوو دڵ بن لە وەرگرتنی ڤاکسین، لە چەند رۆژو هەفتەی داهاتوو ئەو ترسە دەڕەوێتەوە . وەک هەمیشە باسمان کردووە ڤاکسینەکان هیوای دەرباز بوونی مرۆڤایەتین لەو پەتایە.


زیاتر