کام ڤاکسین دەبێتە هۆی خوێن مەیین؟

د. عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو
  19/04/2021  |    1671 جار خوێندراوەتەوە

لە کوردستان سێ جۆری ڤاکسین بەکاردێت، ئەوانیش سینۆفارم و ئەسترازێنیکاو فایزەر. لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو کێشەی خوێن مەیین بە هۆی ڤاکسینەکان بووە باسی هەموو جیهان و میدیاو سۆشیال میدیای بەخۆی سەرقال کرد . حەزدەکەم لەم چەند خالەدا بە کورتی ڕاستیە زانستیەکان بخەمە روو و شیکردنەوەیەک بۆ ئەو ڤاکسینانە بکەم، کە لە  ئێستاو داهاتوودا لە کوردستان بەکاردەهێنرێت .

١-دیارەی خوێن مەین پێش سەرهەلدانی کۆرۆنا و ڤاکسینەکان هەر هەبووەو ئێمەی دکتۆر رۆژانە حالەتی خوێن مەین دەستنیشان و چارەسەر دەکەین ، دیارە ئەوەی تێبینی کراوە دوای ڤاکسین کێشەی خوێن مەین لە هەندێک ئەندامەکانی لەش روویداوە ، بەلام ئەوەی زیاتر باس دەکرێت کێشەی خوێن مەیینی یەکێک لە خوێن هێنەرەکانی مێشکە ، ئەو حالەتە پێش کۆرۆناش هەر هەبووە ، هەنووکە ئەو ئامارانەی کە لەژێر دەستن وا نیشان دەدەن کە ژمارەی ئەو حالەتە لەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە ، هەندێک زیاترە بە بەراوردکردن بە دۆخی ئاسایی ، ئەمەش لێکدانەوەی ئەوەی بۆ دەکرێت کە ئەو دیاردەی خوێن مەیین پەیوەندی بە ڤاکسینەکان هەبێت .

٢-لە ئەوروپاو ئەمریکا گرنگیەکی یەکجار زۆر بە ئامارەکان دەدرێت ، دیارە سەلامەتی دەرمان و ڤاکسین زۆر بە ووردی چاودێری دەکرێت . لە ئەگەری هەر کێشەیەکی لاوەکی یاخود مردن بە ووردی تۆمار دەکرێت ، لەبەر ئەوە ئامارەکان جێگای باوەری خەلک و ناوەندە زانستیەکانن . ئەوەی تاکوو ئێستا تێبینی کراوە لەهەر ملیۆن کەسێک کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا وەردەگرن، پێنج کەس تووشی خوێن مەیین دەبن لە مێشک . سەرەتا وا نیشاندرا کە ئەم دیاردەیە دەگمەنە تەنها لە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا بوونی هەیە ، بەلام لە چەند رۆژی ڕابردوو دەرکەوت هەمان کێشە لە ڤاکسینی فایزەریش تێبینی کراوە بەرێژەیەکی تۆزێک کەمتر . هەرچەندە داتای وورد و باوەرپێکراو بۆ ڤاکسینی سینۆفارم بەردەست نیە ، بەلام وا دەردەکەوێت کە کێشەی خوێن مەیین زۆر کەمتر بێت بە بەراوردکردن لەگەل ڤاکسینەکانی تر .

٣-دیارە لە ئەگەری روودانی خوێن مەیین ، چارەسەری هەیە ، بۆیە رێژەی مردن بە هۆی کێشەی خوێن مەیین بەپێی ئەو ژمێریاریەی لەژێردەستە لە هەر ملیۆن کەسێک تەنها یەک کەسە .

٤-ڤاکسینەکان کاریگەرن لە کەمکردنەوەی رێژەی تووشبوون بەو پەتایە بە رێژەی جیا جیا ، بەلام ئەوەی تێبینی کراوە هەموو ڤاکسینەکان زۆر کاریگەرن لە کەمکردوونەوی رێژەی تووشبوون بە توندی بە پەتاکە . وا دەبینرێت ئەو کەسەی کە ڤاکسین وەردەگری لە ئەگەری تووشبونیش پێویستی بە نەخۆشانە نابێت. هەرچەندە چەند رۆژێک پێش ئێستا لێکۆلینەوەیەک لە ئەمریکا وا نیشان ئەدات کە تەنانەت ئەو کەسانەی ڤاکسینیش وەردەگرن بۆی هەیە بە توندی تووشی پەتاکە ببن و پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە هەبێت ، بەلام بە بەروارد لەگەل ئەو ژمارەیە زۆرەی خەلک کە لە ئەمریکا ڤاکسینیان وەرگرتووە یەکجار کەمە، مردن بە هۆی پەتاکە زۆر دەگمەنە دوای ڤاکسین وەرگرتن .

٥-لە ئەمریکا هەردوو ڤاکسینی فایزەرو مۆدێرنا بەکاردەهێنرێت ، کەچی لە بەریتانیا بە رێژەیەکی یەکجار زۆر ڤاکسینی ئەسترا زێنیکا بەکارهاتووە ، هەندێک لە لێکۆلینەوەکان وا دەردەخەن کە ڤاکسینی ئەسترازێنیکا لە کەسانی بەتەمەن کاریگەرترەو برێکی زیاتر لە دژەتەن لە خوێنی ئەو کەسانە بینراوە کە ڤاکسینەکەیان وەرگرتوە بە بەراوردکردن لەگەل ڤاکسینی فایزەر ، لە راستیدا ڤاکسینی ئەسترازێنیکا زیاتر لەهەر ڤاکسینێکی تر بەکارهاتووە لە سەرنسەری جیهان . تەنانەت رێکخراوی تەندرووستی جیهان دەزانێت کە ئەسترازێنیکا رۆلی سەرەکی دەبێت بۆ رووبەروبونەوەی ئەو پەتایە .

رۆژانە هاوولاتیانی کوردستان پەیوەندیم پێوەدەکەن ، پرسیار دەکەن کام جۆری ڤاکسین باشەو کامیان بەکاربهێنم . لە وەلامدا دەلێم هەموو ڤاکسینەکان باشن و کاریگەرن . کێشەی خوێن مەیین دیاردەیەکی یەکجار کەمە، تەنانەت لە ئەگەری روودانیش چارەسەری هەیە . بۆیە دەبێت هەر کەسێک لەو کاتەی بۆی دیاریکراوە ڤاکسینەکان وەرگرن ، چونکە لە چاوەروانی ڤاکسینێکی دیاریکراو بۆی هەیە تووشی پەتاکە بیت و لە کاتانەدا کێشەی خوێن مەین بە هۆی ڤایرۆسەکە بە هیچ شێوەیەک لەگەل ڤاکسینەکان بەراورد ناکرێت . لەئەگەری ئەوەی کە هەموو ڤاکسینەکان لەهەمان کاتدا لەبەر دەست بێت ، دەکرێت ڤاکسینی ئەسترازێنیکا تەرخان بکرێت بۆ کەسانی سەروو تەمەن شەست سالی ، چونکە دەزانین لەو تەمەنە دیاردەی خوێن مەین روونادات و ئەگەری ئەوە هەیە کە ڤاسینەکە کاریگەرتر بێت .ڤاکسینی سینۆفارم بدرێت بە کەسانی خوار چل سالی ، چونکە وادەبینرێت کە کیشەی خوێن مەین لەو ڤاکسینە زۆر کەمە.ڤاکسینی فایزەر بدرێت بە کەسانی چل بۆ شەست سال. من خۆم بروای تەواوم بە هەموو ڤاکسینەکان هەیە و لەو باوەرەدام کە هەر جۆری ڤاکسینێک لەبەردەستە دەبێت بەکاربهێنرێت بە تایبەت ئەو کەسانەی ئەگەری بەرکەوتنیان زۆرە یان هەلگری نەخۆشین بێ جیاوازی تەمەن .

تا ئێستا زیاتر لە ٩٠٠ ملیۆن ژەمی ڤاکسین دراوە بە خەلک لە سەرانسەری جیهان ، بە تێپەڕبوونی کات دەردەکەوێت، کە کێشەی خوێن مەین دەگمەنەو تا دێت ئەو مەترسیە بەرامبەر ڤاکسینەکان كەمتر دەبێتەوە،  دەبێت ئەوەش بووترێت، کە لە مێژووی ڤاکسینەکاندا هیچ کێشەیەكی تەندرووستی لە ماوەی درێژ دوای ڤاکسینەکان بەدی نەكراوە، دیارە  ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆناش هیچ جیاوازیەکی لەگەل ڤاکسینەکانی تر نیە، ئەو پروپاگەندانەی دەربارەی ڤاکسینی کۆرۆنا دەكرێت، کە لە ماوەی درێژخایەندا کێشەی تەندروستی دەنێتەوە، هیچ بنەمایەکی زانستی نیە. کوردستانیانی خۆشەویست ، پێویستە ئێمەی کوردیش وەک نەتەوەکانی تر پێشوازی لە ڤاکسینەکان بکەین و دوو دل نەبین لە ڤاکسین وەرگرتن ، جا ئەو ڤاکسینە هەر جۆرێک بێت .


زیاتر