هەوالێکێ خۆش و پێشنیارێک بۆ وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی کوردستان

د. عارف گۆران

پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی هەناو
  08/01/2021  |    3243 جار خوێندراوەتەوە
 لە گەل سەرهەڵدانی کۆرۆنای گۆڕاو بە هۆی بازدان و بڵاوبوونەوەی ئه‌و په‌تایه‌ بە شێوەیەکی زۆر خێرا لە وڵاتی بەریتانیا،  دوو دڵی و دلەراوکێی لای خەڵک و بەشێکی ناوەندە زانستیەکانی گرته‌وه‌، پرسیاری گرنگ ده‌رباره‌ی کاریگەری ڤاکسینەکان لەسەر کۆرۆنای گۆراو وروژێنرا، بۆیه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ خرایه‌ بواری لێکۆلینەوە. ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەیەک بڵاوکراوەتەوە و نیشانیداوە، کە ڤاکسین کاریگەری بەسه‌ر ئەو شەریتە نوێیەی کۆرۆنا، کە لە وڵاتی بەریتانیا و ئەو جۆرەی لە ئەفریقای باشوور سه‌ریهه‌ڵداوه‌ هه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا لێکۆڵینەوەکە لەسەر ژمارەیەکی كه‌می نەخۆش کراوه‌، له‌چەند ھەفتەی داھاتوودا زانیاری زیاتر لەسەر ئەو باسە بڵاودەکرێتەوە و رێژەی بەرگری ڤاکسینەکان بەرامبەر کۆرۆنای گۆراو بە تەواوی دەردەکەوێت .

لە ماوەی چەند ھەفتەی رابردوو ژمارەیەکی زۆری خه‌ڵك له‌ به‌ریتانیا تووشی کۆرۆنا بووینە، ژمارەی ئەو کەسانەی  تووشی ئەو پەتایە بووینە و ڤاکسینیان وەرگرتوە یەکجار کەمە،  ئاشكرایه‌ لە چەند رۆژی سه‌ره‌تایی دوای وه‌رگرتنی ڤاکسین، جه‌سته‌ی نه‌خۆش دژه‌ته‌ن دروست ده‌كات، ھەموو لێکدانەوەکان بەو ئاڕاستەیەن، کە دوو ھەفتە دوای وەرگرتنی جورعەی یەکەمی ڤاکسین، کەسەکە رێژەیەکی زۆر باش لە دژە تەن درووست دەکات و بەرگری بەرامبەر ڤایرۆسەکە پەیدا دەکات.

دیارە دۆخی کوردستان لە ئێستادا له‌رووی ژماره‌ی تووشبوون به‌ په‌تای كۆڕۆنا، بە بەراورد لە گەڵ وڵاتانی ئەوروپا و گەلێک شوێنی تر زۆر باشە ، ئاشكرایه‌ ژمارەی ئەو نەخۆشخانەی  پێویستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە هه‌یە یەکجار کەمیکردووە ، بەلام دەبێت ئەوە بزانین، کە ئەو ڤایرۆسە ھێشتا کۆتایی نەھاتووە و ئەو شەریتە نوێیەی ڤایرۆسەکە ، کە لە بەریتانیا سەریھەلداوه‌ لە زۆر وڵات بڵاوبۆتەوە ، بۆیە وەزارەتی تەندروستی و ھاوڵاتیان دەبێت بەردەوام بن لە ھۆکارەکانی خۆپاراستن.

  ئەوەی دەمەوێت لێرەدا باسی بکەم ، مەسەلەی دابینکردنی ڤاکسینی دژ بە کۆرۆنایە ، دیارە کۆمەڵێک ڤاکسین لە ئارادان ، بەڵام سیان لەو ڤاکسینانە توێژینەوەی گەورەیان لە سەرکراوە و روون بۆتەوە، کە سەلامەتن و زۆر کاریگەرن . ئەوانیش ڤاکسینەکانی فایزەر—بایۆنتێک، مۆدێرنا و ئۆکسفۆرد-یئسترا زێنیکا. حکومەتی عێراق بەشێکی کەمی لە ڤاکسینی فایزەر کڕیوە و بڕیار وایه‌ بەشێک له‌و ڤاكسینانه‌ بۆ کوردستان رەوانە بكات. به‌ڵام پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم به‌و بڕه‌ نه‌وه‌ستێت و بڕێكی زیاتر له‌و ڤاكسینانه‌ ئاماده‌ بكات و به‌لایەنی کەم بۆ كه‌سانه‌ی دابین بكات، كه‌  بە تەمەنن و ئەو کەسانەی نەخۆشی تریان ھەیە و ئەگەری ئەوەیان زیاترە بە توندی تووشی ئەو پەتایە ببن . لە ھەمان کات دەبێت ھەموو کارمەندانی تەندرووستی بە تایبەت ئەوانەی لە ریزی پێشەوەی ئەو شەڕەدان بە زووترین کات بکوترێن .  لێرەدا من ڤاکسینەکەی ئۆسفۆرد- ئەسترا زێنیکا لەبەر زۆر ھۆکار بۆ كوردستان بە گونجاو دەزانم :

 1-ده‌توانرێت ئەو ڤاکسینە لە ساردکەرەوەی ئاسایی ھەلگیرێت ، ئەمەش لە رووی لۆجستیەوە زۆر ئاسان ترە لە ڤاکسینەکانی تر.

 2- ڤاکسینی ئۆکسفۆرد لە ناوەندێکی زانستی زۆر باوەڕپێکراو و بەرھەمھێنراوە و دەرکەوتوە به‌كارهێنانی سەلامەتە. 

جگە لەم دوو خاڵە گرنگە کۆمپانیای ئەسترا زێنیکا بڕیاریداوه‌ ھیچ قازانجێک لەو ڤاکسینە وەرنه‌گرێت و نرخی ھەر ڤاکسینێک لە سێ پاوەند زیاتر نیە . من هه‌رگیز لەگەڵ بەکارھێنانی ڤاکسینی چینی نیم ، نەک تەنھا لەبەر نەبوونی لێکۆڵینەوەی زانستی باوەڕپێکراو، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەشێکی زۆری خەڵکی كوردستان باوەڕیان بە به‌رهه‌مه‌كانی چینی نیەو ئه‌مه‌ خەلک سارد دەكاته‌وه‌و ئاماده‌یی نابێت ڤاكسینه‌كه‌ به‌كاربێنێت. 

وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی کوردستان بە چوار ملیۆن دۆلار ئەتوانن یەک ملیۆن ڤاکسین مسۆگەر بکەن . ئەگەر وەزارەت و حکومەت ئەو توانەیان نەبێت دەبێت کۆشش بکرێت سندوقێکی خێرخوازی بۆ كڕینی ئه‌و ڤاكسینه‌ ئاماده‌ بكه‌ن، دڵنیام له‌ كوردستان کەسانی خێرخواز زۆر ھەیه ‌و ئاماده‌یی ته‌واویان بۆ ئه‌م كاره‌ هه‌یه‌. 

نابێت  پرۆژەی دابینکردنی ڤاکسین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بدرێته‌ کەرتی تایبەت ، چونکە ئەو ھەنگاوە دەبێتە بازرگانی کردن بە ڤاکسین و کارەساتی گه‌وره‌ی لێدەکەوێتەوە.

پێویسته‌  وەزارەتی تەندروستی ھەنگاوی ھەنوکەیی بنێت و خۆ ئامادەبکات بۆ دیاریکردنی لیستی ئەو کەسانەی، کە دەبێت ڤاکسین وەرگرن ، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌كرێت زۆر شوێن لە ھەموو شارو شارۆچکەکان  ئاماده‌بكه‌ن و راھێنان به‌ کادیری تەندروستی بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی  پرۆسه‌ی کوتان لە ماوەیەکی کەمدا  بۆ ژماره‌یه‌كی زۆری خه‌ڵك ئه‌نجام بدرێت لە ئەگەری گەیشتنی ڤاکسین.

دەزانم بەڕێز وەزیری تەندروستی پۆستەکانی من دەخوێنێتەوە و لە رابردوو پۆستەکانی منی لە لاپەرەی خۆی شێر کردووە بۆ خەڵکانی کوردستان ، بۆیە بەو ھیوایەم، کە ئەو پێشنیارە بە ھەند وەرگیرێت. بە ھیوای ئەوەی مرۆڤایەتی لە ئایندەیەکی نزیک لەو ڤایرۆسە نەگریسە دەربازی بێت .


نوسەری ئەم بابەتە پسپۆری ڕاوێژکاری نەخۆشیەکانی ھەناوە لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا نیشتەجێیە.

زیاتر