لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ئەمریکا دەستدەکات بە وەڵامداوەی ئەو هێرشەی کرایە سەر هێزەکانیان لە ئوردن

  2024-01-30  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرەڕای ئەوەی نوێنەری ئێران لەنەتەوەیەکگرتوەکان ڕەتیکردەوە، وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشەی سەر بنکە ئەمەریکییەکە هەبێت لەئوردن، بەڵام ئەمریکا سورە لەسەر ئەوەی لە دوو ڕۆژی داهاتوەدا وەڵامی ئەو هێرشانە بداتەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی (پۆلیتیکۆ) کە لەزاری کاربەدەستانی ئەمریکیەوە ئاشکرایکردوە، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی بەڕاوێژکارەکانی کرد بژاردە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی کە سەربازە ئەمریکییەکانی لەبنکەیەکی سەربازی ئوردن کردە ئامانج بخەنەڕوو.

لەو ڕوەشەوە ماڵپەڕەکە ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، یەکێک لەبژاردەکانی بەردەم پنتاگۆن، بەئامانجگرتنی تاکەکانی ئێرانە لەسوریا یان عێراق، یان دەستبەسەرداگرتنی سەروەت‌و سامانی هێزی دەریایی ئێران لەکەنداو، بۆیە پێدەچێت وەڵامدانەوەی ئەمریکا بۆ بۆردومانکردنی بنکەی ئەلتەنف لەدوو ڕۆژی داهاتودا لەدوای ڕەزامەندی بایدن دەستپێبکات‌و لەشێوەی شەپۆلی هێرشکردندا دەبێت بۆ سەر کۆمەڵێک ئامانج.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە هێرشێکی درۆنی کرایەسەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا لەئوردن کە بە تاوەر ٢٢ دەناسرێت، هێرشەکە بوە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی‌و برینداربونی ٤٠ سەربازی دیکە.

نوێنەری ئێران لەنەتەوەیەکگرتوەکان ڕەتیکردەوە کە وڵاتەکەی هیچ پەیوەندییەکی بەو هێرشەی سەر بنکە ئەمریکییەکە هەبێت.

نوێنەرەکەی ئێران ئەوەی بەململانێی نێوان هێزەکانی ئەمریکاو گروپە چەکدارەکان وەسفکردو وتی:"ئەم گروپانە بەهێرشی تۆڵەسەندنەوە وەڵامدەدەنەوە".


ڕیکلام