سودانی بۆ کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان سەردانی ئەمریکا دەکات

  2024-03-27  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بڕیارە ناوەڕاستی مانگی داھاتوو، سودانی سەردانی واشنتۆن بکات و پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان و سزای سەر بانکە عێراقییەکان تاوتوێ بکات.

لێپرسراوێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاندووە: لە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی محەمەد شیاع سودانی بۆ واشنتۆن، لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکەش، کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق و کێشەکانی نێوان بەغداد و ھەولێر و سزای سەر بانکە عێراقییەکان دەبێت.

ھاوکات، باسم عەواد، وتەبێژی حکومەتی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، سودانی لە واشنتۆن، دۆسییە ئەمنی و سەربازی و ئابووری و داراییەکانی عێراق دەخاتە بەرباس و تیشکدەخاتە سەر دوایین گۆڕانکارییەکان لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەھۆی شەڕی غەززەوە، ھاوکات جەختیشدەکاتەوە، لە ھەڵوێستی نەگۆڕی عێراق بۆ پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین و راگرتنی شەڕ لە غەززە.

لای خۆشیەوە، عارف حەمامی ئەندامی چوارچێوەی ھەماھەنگی دەڵێت، سودانی لە واشنتۆن ھەوڵەکانی چڕدەکاتەوە بۆ ھەڵگرتنی مافی ڤیتۆی ئەمریکا لەسەر کڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی لەلایەن عێراقەوە و دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ دانەوەی قەرزەکانی وڵاتەکە بە وڵاتە سزادراوەکان.
 


ڕیکلام