دواین زانیاری لەبارەی كەیسی قارەمان شوكری

  2020-07-07  | 
دهۆک
قارەمان شوکری دوای بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی شیلادزێ دەستگیرکراوە
ئەرشیف
 مازن شنگالی
گروپێك لە پارێزەرانی خۆبەخش لە هەوڵدان بۆ وەرگرتنی بریكارنامە لەرۆژنامەوان قارەمان شوكری كە ماوەی 10 رۆژە لەلایەن ئاسایشی دهۆكەوە دەستگیركراوە و تا ئێستاش نەیانتوانیوە بریكارنامەكەی وەربگرن.

ماوەی نزیكەی 10 رۆژە قارەمان شكوری لە دهۆك دەستگیركراوە و گروپێكی پارێزەرانی خۆبەخشیش لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ كەیسەكەی بكەن، لەو بارەیەوە  رێڤینگ یاسین، ئەندامی گروپی پارێزەرانی خۆبەخشی دهۆك بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی راگەیاند: ئێمە بڕیارمانداوە كەیسی رۆژنامەوان قارەمان شوكری لە ئەستۆ بگرین، بەڵام بەهۆی نەبوونی دەوام و لێكۆڵینەوەی كارەكانی ئاسایش نەمانتوانیوە وەك پێویست كاری بۆ بكەین ئەوەش لە كەموكورتی گروپەكەمان نییە. 
ئەو وتیشی: ئەو كەسانەی لە شیلادزێ دەستگیر كرابوون دوای رۆژێك ئازادكران، بۆیە پێشبینیمان كردبوو ئەویش ئازاد بكرێت، بەڵام مانەوەی لە زیندان ناچاریكردین بریكارنامەی بۆ بكەین تا ئێستاش نەمانتوانیوە بریكارنامەكە وەربگرین. 
ئەو لەبارەی شوێنی زیندانیكردنی ئەو رۆژنامەوانە رایگەیاند، تا ئێٍستا نازانین لە زیندانی زركا ماوەتەوە، بەڵام لەكاتێكی كورتدا بۆمان دەردەكەوێت لەوێ ماوەتەوە یان لە شوێنێكی دیكەیە.
هەر لەو بارەیەوە حەمدی بەرواری، سەرۆكی لقی دهۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤی كوردستان، رایگەیاند: لە رۆژی یەكەمەوە بەدواداچونمان بۆ كەیسی قارەمان شوكری كردووە لە سەرەتا شەش كەس بوون، بەڵام ئێستا تەنها ئەو رۆژنامەوانە ماوەتەوە، جێی داخە بەپێی یاسا دەبوو لە ماوەی 24 كاتژمێردا كەیسەكە رەوانەی دادگا بكرایە بەڵام تا ئێستا نەكراوە. 
سەرۆكی لقی مافی مرۆڤ وتیشی، راگرتنی ئەو رۆژنامەوانە بۆ ئەو ماوە زۆرە پێشێلكردنی مافی مرۆڤە ئەگەر بە بریاری دادوەر نەبێت، بڕیاریانە ئەوان لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی لەگەڵ گروپی پارێزەرانی خۆبەخش ئەو رۆژنامەوانە ئازاد بكەن. 
ئەوە لە كاتێكدایە ئەو رۆژنامەوانە بەهۆی بەشداری كردنی لە خۆپیشاندانەكانی ناحیەی شیلادزێ دەستگیر كراوە، كەمپینێكیش بۆ ئازادی پێكهاتووە وهۆشداری دەدەن لەوەی كە ژیانی لە ژێر مەترسی جدیدایە.  


ڕیکلام