حکومەتی هەرێم: هەڵمەتێکمان بۆ هەرزانکردنی نرخی کاڵا و خۆراک دەستپێکردووە

  2023-02-05  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فەرمانگەی میدیاو زانیاری حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند: بە مەبەستی چارەسەركردنی دۆخی بازاڕ و جێگیركردنی نرخی خۆراك و شتومەك، دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی، لەلایەكەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانان كار بۆ دابەزاندنی نرخ دەكەن و لەلایەكی دیكەشەوە لیژنەكانی پشكنین، چاودێریی بازاڕ دەكەن.

ماردین ئەبوبەكر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی، لەوبارەیەوە بە پێگەی فەرمیی حكومەتی ڕایگەیاند: "لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتدا، میكانیزمی جێگیركردنی نرخ دەستیپێكردووە؛ لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازرگانییەوە هەماهەنگی لەگەڵ بازرگانان بۆ هێنانەخوارەوەی نرخ كراوە،  بۆ ئەوەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر كڕیاران و هاووڵاتییان هەیە، نەمێنێت." 

جگە لە هەماهەنگی، لەبارەی چاودێریی بازاڕیشەوە، وتی: "ڕۆژانە لیژنەكانمان بۆ پشكنینی نرخ لە بازاڕەكاندا لە گەڕاندان، لە ئەگەری ساغكردنەوەی كاڵای ماوە بەسەرچووشدا، ڕێكاری یاسایی دەگیرێتەبەر. هەروەها لە ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلاردا، ڕێكاری دیكەی جێگیركردنی نرخ دەگرینەبەر."  

ئاماژە بەوەشکراوە،  "لە میانی ئەو هەڵمەتانەدا، پڕۆسەی هەرزانکردنی نرخی هێلکە و پەلەوەر و بەرهەم و کاڵا خۆماڵییەکان لە پارێزگای دهۆک دەستیپێکردووە و بڕیاریشە لە هەموو ناوچەکان دیكە بەردەوامی پێ بدرێت". 


ڕیکلام