وەزیری رۆشنبیری: مایەی نیگەرانیمانە ڕۆژنامەیەكی سەر بە دەوڵەت بابەتێكی دژ بە سیستمی فیدراڵی دەوروژێنێت

  2023-02-20  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری رۆشنبیری حکومەتی هەرێم پەیامێکی بۆ میدیاکان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەكردووە:" داواكارین كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان، پەخشكەری گوتاری لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەبن، خۆیان لە بڵاوكردنەوەی گوتاری چاندنی ڕق و پەرتەوازەیی بپارێزن، پەنا نەبەنە بەر وەرگێڕانی گوتاری ناحەزانی كیانی دەستووری و شەرعیی هەرێمی كوردستان و لە ڕێگەی پەیامەكانیانەوە پارێزەری بەری خوێنی شەهیدان بن.

دەقی پەیامەكەی وەزیری رۆشنبیری

پەیامێك بۆ میدیاكانی هەرێمی كوردستان و عیراق 

ئیدانەی هەرجۆرە گوتارێكی نەیار بە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و كیان و قەوارە دەستوورییەكەی هەرێمی كوردستان دەكەین، پێویستە هەموو لایەك بە تایبەتی میدیاكانی عیراق، لە چوارچێوەی بنەما چەسپاوەكانی دەستوور پەیامی میدیاییان دابڕێژنەوە و پابەندی بنەمای سیستمی فیدراڵی بن، كە لە دەستووردا چەسپێندراوە و گەلانی عیراق دەنگیان پێداوە.
مایەی نیگەرانیمانە ڕۆژنامەیەكی سەر بە دەوڵەت، بە بێ لەبەرچاوگرتنی واقیعی یاسایی و دەستووری هەرێمی كوردستان، بابەتێكی دژ بە گیانی بەیەكەوەبوون و بنەما چەسپاوەكانی دەستووری عێراق و سیستمی فیدراڵی دەوروژێنێت، بڵاوكردنەوەی ئەو جۆرە بابەتانە دەچنە چوارچێوەی تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە و هەوڵدانە بۆ چاندنی تۆوی ڕق و نكوڵیكردن هەروەها هەوڵێكی نەزۆكە بۆ دژایەتیكردنی كیانی دەستووری هەرێمی كوردستان.
لێرەوە داواكارین لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق, ڕێگر بن لە بڵاوكردنەوەی گوتاری دژ بە بنەما دەستوورییەكانی سیستمی فیدراڵی عێراق و كیانی دەستووری و یاسایی خەڵكی كوردستان، كە بەری ڕەنج و تێكۆشانی گەلی كوردستانە دژ بە دیكتاتۆری و لە پێناویدا خوێنی سەدان هەزار شەهید ڕژاوە.
هەروەها داواكاریشین كەناڵەكانی ڕاگەیاندنی هەرێمی كوردستان، پەخشكەری گوتاری لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانەبن، خۆیان لە بڵاوكردنەوەی گوتاری چاندنی ڕق و پەرتەوازەیی بپارێزن، پەنا نەبەنە بەر وەرگێڕانی گوتاری ناحەزانی كیانی دەستووری و شەرعیی هەرێمی كوردستان و لە ڕێگەی پەیامەكانیانەوە پارێزەری بەری خوێنی شەهیدان بن. 
حەمەی حەمەسەعید
وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان
حكومەتی هەرێمی كوردستان
٢٠٢٣/٢/٢٠


ڕیکلام