"حكومەتی هەرێم زیاتر لە 2 بۆ 4 ترلیۆن دینار لێبڕینی شاراوەی لە موچەدا كردووە"

  2023-02-25  | 
دۆسیە:  حکومەتی هەرێم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سایتی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرای دەکات، حکومەتی هەرێم زیاتر لە ٢ بۆ ٤ ترلیۆن دینار لێبڕینی شاراوەی لە موچەدا کردووە

سایتی فەرمی یەکێتیی ئاماژەی بەوەداوە،  حکومەتی هەرێم زیاتر لە ٢ بۆ ٤ ترلیۆن دینار لێبڕینی شاراوەی لە موچەدا کردووە،  ژمارەی موچەخۆرانی هەرێم بەپێی سیستمی بایۆمەتری (یەک ملیۆن‌و  ٢٤٩ هەزارو ٤٨١) موچەخۆرەو لەو ژمارەیە (٤٨٣ هەزار) مووچەخۆری مەدەنییە کە حکومەتی هەرێم پلەبەرزکردنەوەی راگرتوون.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەڕێی راگرتنی پلە بەرزکردنەوەی فەرمانەرانەوە، هەر موچەخۆرێک مانگانە (٦٠ بۆ ١٠٠) هەزار دینار لە موچەکەی دەبڕدرێت و ٧ ساڵ و ٢ مانگە لێبڕینی شاراوە لە مووچەدا دەکرێت،  سێ ساڵ لێبڕینی شاراوە بەر تەمەنی کابینەی ٨ دەکەوێت‌و زیاتر لە ٤ ساڵیشە کابینەی ٩ درێژە بە لێبڕینی شاراوەی موچە دەدات.

ئەوەشی ئاشکراکردوە،  بەپێی ئەو لێبڕینە شاراوەیەی حکومەتی هەرێم، ٧ساڵ و ٢ مانگە پەیڕەوی دەکات، کە ٨٤ مانگەو بۆ هەر مووچەخۆرێک بڕی (٥ ملیۆن و ٤٠ هەزار) دینار، بۆ (٨ ملیۆن‌و ٤٠٠ هەزار) دینار لێبڕینی شاراوە لە موچەکەی کراوەو لای حکومەتە،  لێبڕنی شاراوە لە موچەی ٤٨٣ هەزار فەرمانبەردا کراوە،  حکومەتی هەرێم لە یەک مانگدا بڕی (٢٨ ملیارو ٩٨٠ ملیۆن) بۆ (٤٨ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن) دینار لە فەرمانبەرانی مەدەنی دەبڕێت.

میدیای فەرمی یەکێتی دەشڵێت،  لە ماوەی ساڵیکدا پارەی لێبڕینی شاراوە دەگاتە (٣٤٧ ملیارو ٧٦٠ ملیۆن) بۆ (٥٧٩ ملیارو ٦٠٠ ملیۆن) دینار،  بڕی (٢ ترلیۆن‌و ٤٣٤ ملیارو ٣٢٠ ملیۆن) بۆ (٤ ترلیۆن‌و ٥٧ ملیارو ٢٠٠ ملیۆن) دینار کۆی گشتی لێبڕینی شاراوەی موچەخۆرانی مەدەنییە کە لە کابینەی ٨و ٩دا جێبەجێدەکرێت‌و بەردەوامە.

باسی لەوەشکردوە،  کابینەی نۆیەم بڕی (١ ترلیۆن و ٣٩١ ملیارو  ٤٠ ملیۆن دینار) بۆ (٢ ترلیۆن و ٣١٨ ملیارو ٤٠٠ ملیۆن) دینار لێبڕینی شاراوەی لە موچەی (٤٨٣ ھەزار) فەرمانبەری مەدەنیدا کردووە،  لێبڕینی شاراوەی حکومەت لە موچەی فەرمانبەران زیاترە، چونکە بۆ یەکجار پلە بەرزکردنەوە ٦٠-١٠٠ هەزار دینارە، بەڵام موچەخۆر هەیە مافی دوو بۆ سێجار پلە بەرزکردنەوەی لەماوەی ئەو ٨٤ مانگەدا هەبووەو راگیراوە، ئەمە لێبڕینی شارەوە دوو بۆ سێ هێندە زیاتر دەکات.


ڕیکلام