مەسرور بارزانی و باوکی چۆن سەری ئابوری سەربەخۆیان خوارد؟

  2023-04-02  | 
دۆسیە:  پارتی
 تۆڕی هەواڵی ژیان

چۆن لە سایەی مەسرور بارزانی و نێچیری ئامۆزای
کەرتی وزەی هەرێم لە پەلوپۆ دەکەوێت و تواناکانی لێکدانی سفر دەکرێن
لە دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتیەوە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستا دەستیان بە پڕۆسەی راگرتنی بەرهەمهێنانی نەوت کردووە، بە شێوەیەک کە بەرهەمهێنان نزیک دەبێتەوە لە سفر.
ئەمە بەرهەمی سیاسەتی چەوتی بنەماڵەی بارزانییەکانن، لە دوو کابینەی رابردوودا، بە نایاسایی نەوتیان هەناردە کردووە بەبێ پشتگیریکردنی لەلایەن دەستووری عێراقەوە
لەم دوو کابینەیەدا، نێچیرڤان و مەسرور دەستیانخستە ناو دەستی تورکیا و رێکەوتن لەسەر فەرهودکردنی نەوتی هەرێم، ئاوهاش نەوتەکەیان بە هەرزانتر لە نرخی بازاڕ فرۆشتەوە
بەڵام ئامادەنەبوون لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی رێبکەون، کە ئەگەر وایان بکردایە لە ھەر بەرمیلێکدا نزیکەی ٢٠ دۆلاریان بۆ دەگەڕایەوە، ئەمە بەدەر لە تێچووی بەرهەمهێنان کە لە هەرێم بەراورد بە عێراق زۆر زیاترە
لە کۆتاییدا مارەکە دەستی حکومەتەکەی بارزانی گەست و تورکیاش هیچی وەهای پێنەکرا
نەک هەر ئەوەش، ئێستا تورکیا داوای قەرەبوو دەکات و بەغداش دەڵێت دەبێت
هەولێر قەرەبووی بکاتەوە
ئێستا، دۆخی ئابووری هەرێم لە هەڵدێردایە، نەوت کە بڕبرەی پشتی ئابوری هەرێمە، شکاوە و لە پەلوپۆ کەوتووە
بەرهەمێنان نزیک دەبێتەوە لە سفر

رۆژی چوارشەممە، کۆمپانیای DNOی نەرویجی رایگەیاند کە دەستی بە راگرتنی بەرهەمهێنان کردووە لە هەردوو کێڵگەی تاوکێ و پیشخابیر، کە ئەم دوو کێڵگەیە لە ساڵی رابردوودا تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەیان ١٠٧ هەزار بەرمیلی رۆژانە بووە، کە ئەمە دەگاتە چارەکی کۆی بەرهەمی رۆژانەی نەوتی هەرێم.

هەروەها، کۆمپانیای Genel Energy کە هاوبەشی ئەو دوو کێڵگەیە رایگەیاندووە کە بەرهەمهێنان لە کێڵگەی پیشخابیر راگیراوە، هەروەها پڕۆسەی راگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی تاوکێ دەستیپێکردووە، بەرهەمهێنانیش لەو کێڵگەیە تەنها چەند کاتژمێرێکی ماوە

بەدەر لەوەش، وتەبێژێک بە ناوی کۆمپانیای Genel Energy ئاماژەی بەوە کردووە کە تا کۆتایی هەفتە لە کێڵگەی سەرتە لە سنووری هەولێر بەرهەمهێنان بەردەوام دەبێت، بەڵام عەمباردەکرێت، کە تا ٢١ی نیسان دەتوانن نەوت لە کێڵگەی تەق تەق وەرگرن. 

لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیای Forza Petroleumی کەنەدی لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا ناچاربوو بە راگرتنی بەرهەمهێنان لە کێڵگەی هەولێر کە ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی ١٤ هەزار و ٥٠٠ بەرمیل بوو، کە ئەم ئاستە بەراورد بە مانگەکانی کانوونی دووەم و شوبات زیادی کردبوو، لەو دوو مانگەدا ئاستی بەرهەمهێنان ١٣ هەزار و ٧٠٠ بەرمیلی رۆژانە بووە.

کۆمپانیای Gulf Keystone رایگەیاندووە کە ئاستی بەرهەمهێنانی لە کێڵگەی شێخان دابەزاندووە کە لە پێشتردا ٥٥ هەزار بەرمیل بووە، بەڵام لە چەند رۆژی داهاتوودا بەرهەمهێنان بە تەواوی رادەگرێت، کۆمپانیاکەش رەتیکردەوە کە ئاستی بەرهەمهێنان دوای بڕیارەکە ئاشکرابکات.

هەروەها، کۆمپانیای HKN Energyی ئەمەریکی کە لە کێڵگەی سەرسەنگ کاردەکات، رۆژی دووشەممە رایگەیاند کە لە ماوەی هەفتەیەکدا و لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێکەوتنێک لە نێوان بەغدا و هەولێر، کارەکانی رادەگرێت، ئەویش لە کاتێکدا توانای عەمبارکردنی نزیک دەبێتەوە لە سفر، ئەم کێڵگەیە لە چارەکی کۆتایی ساڵی رابردوودا تێکڕای بەرهەمهێنانی رۆژانەی ٤٣ هەزار بەرمیل بووە.

ئەمە لە کاتێکدایە، پێنجشەممەی رابردوو دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس لە داوایەکی عێراق لەسەر تورکیا بە نایسایی بوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بەبێ رەزامەندی عێراق، لە بەرژوەندی بەغدا بڕیاریدا، دواتر و لە رۆژی شەممە، عێراق راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی لە بەندەری جەیهانەوە راگرت.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستیان بە پڕۆسەی راگرتنی بەرهەمهێنان کردووە و ئەو نەوتەی بەرهەمیدەهێنن دەیگوازنەوە بۆ عەمبارەکان، بەڵام ئەو توانایەش سنووردارە و هێندەی نەماوە بە تەواوی ئاستی بەرهەمهێنان لە هەرێمی کوردستان نزیک ببێتەوە لە سفر.
دوای هەموو ئەمانە، ئینجا حکومەتەکەی مەسرور بارزانی بەخەبەر دێت
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتەکەی مەسرور بارزانی لە دوایین لێدوانیدا دەڵێت
ئیتر نابێت بۆ مووچە تەنیا پشت بە داهاتی نەوت ببەستین
ئەم قسەیەی وتەبێژ دوای شکستی ئابووری مەسرور بارزانی دێت، لە کاتێکدا کە هەرێم نەوتەکەشی بەدەستەوە نەما
کرد وتەنی، لەدوای باران فەرەنجیم بۆ چییە
ئێستا کورد، کارتێکی وەهای بەدەستەوە نەماوە، ناچار دەبێت بە هەموو مەرجەکانی بەغدا رازی بێت
بەڵام، حکومەتەکەی مەسرور دەیەوێت باجی هەڵەکانی خۆی بە بەغدا بدات 
ئەویش بە دانەوەی قەرزەکانی کۆمپانیاکان کە لای حکومەتی هەرێمە
بۆیە لە ئێستادا، مەسرور بارزانی سیاسەتی زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە قازانجە پەیڕەو دەکات


ڕیکلام