نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبایى له‌ ئه‌ردۆغان ده‌كات

  2023-05-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان: نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ ئەردۆغان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تيدا بۆ خواست.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2023/5/17 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ ڕه‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان، سه‌ركۆمارى توركيا، به‌بۆنه‌ى سه‌ركه‌وتنى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان (ئاك پارتى)يه‌وه له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيادا‌، به‌ پيرۆزبايى له‌ ئەردۆغان كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تيدا بۆ خواست.

باس له‌وه‌شكراوه‌, "نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى توركيا ده‌ڕوانێت و خۆشحاڵى به‌ سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى ديموكراسى و ڕێكوپێكى و ئاراميى پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردن و ڕێژه‌ى به‌رزى به‌شدارى له‌ ده‌نگداندا ده‌ربڕى".

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان  بڕوا و گه‌شبينيى خۆى به‌ سه‌ركه‌وتنى سه‌رۆك ئه‌ردۆغان له‌ گه‌ڕى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كانى سه‌رۆكايه‌تيى كۆمارى توركيادا نيشان دا، هه‌روه‌ها سه‌ركه‌وتنى به‌ڕێزيانى به‌ گرنگ و پێويست بۆ گه‌لى توركيا و ئێستا و قۆناغى داهاتوو له‌ قه‌ڵه‌م دا".

لاى خۆيه‌وه‌ ڕه‌جه‌ب ته‌ييب ئه‌ردۆغان، سوپاس و پێزانينى خۆى و ئاك پارتى بۆ په‌يوه‌ندى و پيرۆزباييى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و جه‌ختى له‌ خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.


ڕیکلام