رۆژنامەی العرب: پارتی ئاماده‌كاری‌ بۆ حكومه‌تێكی بێ په‌رله‌مان ده‌كات

  2023-06-04  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رۆژنامەی العرب پلانێکی نوێی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاشکرادەکات و دەڵێت، "دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری درێژکرنەوەی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەکاری بۆ حکومەتێکی بێ پەرلەمان دەکات".

رۆژنامەی العرب لە ژمارەی ئەمڕۆیدا پرسێکی گرنگی تایبەت بەهەرێمی کوردستان وروژاندوە  لەژێر ناوی "پارتی ئامادەکاری بۆ حکومەتێکی بێ پەرلەمان دەکات" بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "مانەوەی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لە دەسەڵاتدا بەبێ پەرلەمان، ناکۆکییەکانی هەردوو لایەنی حوکمڕانی (پارتی و یەکێتی) لە هەرێم توندتر دەکات".

رۆژنامەکە لە سەرتای راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە، کە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بە داننەنان بە شەرعیەتی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان کە لە تشرینی دووەمی رابردوو ویلایەتەکەی کۆتایی هات، پاڵی بە سەرکردایەتی پارتییەوە ناوە بەدوای رێگەچارەیەکدا بگەڕێن تا دەسەڵاتیان لا بمێنێتەوە و هەڵبژاردنیش ئەنجامبدەن بەبێ ئەوەی مەرج و داواکارییەکانی یەکێتی جێبەجێبکرێت.

باسی لەوەشکردوە، "بەپێی ئاماژەی بەرپرسەکانی پارتی و جەختلێکردنەوەی فوئاد حسێنی وەزیری دەرەوەی عێراق کە سەر بە پارتییە، حکومەتەکەی مەسرور بارزانی تا کاتی گونجاو بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دەتوانێت بەبێ پەرلەمان بەردەوام بێت".

دەشڵێت، "چاودێران پێیانوایە کە ئەم بژاردەیە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی قوڵتر دەکاتەوە، بەڵام بۆ پارتی یەکێکە لە بژاردە باشەکان کە دەسەڵاتی کەم نابێتەوە".

رۆژنامەی العرب لە درێژەی بابەتەکەیدا ئەوەشی خستوەتەڕوو، "ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامە، هەرلایەک هەوڵی ئەوە دەدات قەوارە سیاسییەکانی تر لەخۆی نزیکبکاتەوە، هەرچەندە بەشێک وای دەبینن کە ئەم دوو حزبە دەگەنە رێککەوتن و دووبارە پشت لە قەوارەکانی تر دەکەن و لە نێو خۆیاندا پۆست و داهاتەکان بەشدەکەن".

لەبارەی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستانەوە رۆژنامەکە زیاتر چربوەتەوە بۆ پەیوەنییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی ئەو پێی وایە، "سەرکردایەتی پارتی ترسی ئەوەی هەیە کە بارودۆخی ئێستای هەرێم، قەیرانی ئابووریی، ململانێی لەگەڵ یەکێتی، ببێتە هۆی سەرھەڵدانی نەخشەیەکی سیاسی نوێ، لە ئەگەری پێکهێنانی هاوپەیمانی نوێدا و کاریگەریی لەسەر لاوازبوونی پارتی هەبێت".



ڕیکلام