نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق كۆبووەوە

  2023-06-15  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق، ئامادەییان نیشان دا بەپێی یاسا و دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و ڕێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەرێوە ببەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 15/6/2023 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق كۆبووەوە بۆ گفتوگۆكردن و هەنگاوەكانی ئامادەكاریی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا كە جینین پلاسخارت نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، جێگرانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، تیمێكی پسپۆڕی یۆنامی و سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی عێراق ئامادەی بوون، نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كردەوە كە هەرچی زووە هەنگاو بنرێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان. لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی ئامادەییی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكوومەت و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە،  سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق و ئەنجومەنی كۆمیسیاران، ئامادەییان نیشان دا بەپێی یاسا و دوای دەستەبەركردنی پێداویستییەكان و ڕێككەوتن لەسەر كاتێكی گونجاو، هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان بەرێوە ببەن. لەمبارەیەوە بڕیار درا لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن بەمەبەستی دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.


ڕیکلام