پەرلەمانی بەریتانیا: یاسای رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی پەسەندکرا

  2023-07-18  | 
دۆسیە:  جیهان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پەرلەمانی بەریتانیا، ئەمڕۆ یاسایەکی بۆ رێگرتن لە کۆچی نایاسایی پەسەندکرد، بەپێی یاساکە لە ئەمڕۆ بە دواوە هەر پەنابەرێک بە نایاسایی و لە رێگەی بەلەمەوە بچێتە خاکی ئەو وڵاتە داوای پەنابەرێتی رەتدەکرێتەوە، بۆ وڵاتێکی تر رەوانە دەکرێت.

ئەم بڕیارەی پەرلەمانی بەریتانیا، بە بەردی بناغەی پرۆژەکەی ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دادەنرێت لە پرۆژەکەی بۆ دژایەتیکردنی کۆچی نایاسایی کە ئەو دۆسییەی لە پێشینەی کارەکانی خۆی دانابو، بەڵێنی دابوو کە هاتنی کۆچبەرانی نایاسایی لە رێگەی بەلەمە بچکۆلەکانەوە کە لە کەنارەکانی فەرەنساوە دێن بوەستێنێت.

 پەسەندکردنی ئەم یاسایە مشتومڕێکی زۆری لەنێو رێکخراوە بەریتانی و نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ دروستکردووە، بە پێی یاساکە رێگری لە داوای پەنابەری لەو کۆچبەرانە دەکات کە بە رێگەی نایاسایی هاتوونەتە بەریتانیا.

نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی ئیدانەی ئەم بڕیارەی پەرلەمانی بەریتانیا دەکات، ئەو بەندەی کە رێگری لە داوای مافی پەنابەرێتی دەکات لە کۆچبەری نایاسایی دژی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات کە ئەم یاسایە مەترسیدارە بۆ ئەو کەسانەی کە بەڕاستی پێویستییان بە پاراستنی نێودەوڵەتی هەیە.

یاساکە لە پەرلەمانی بەریتانیا پەسەندکراوە بەڵام پێویستە چارلزی سێهەم، پادشای شانشینی بەریتانیا ئیمزا لەسەر یاساکە بکات تا بتوانرێت کار بە یاساکە بکرێت، هەرچەندە رەزامەندی پادشا تەنها رێکارێکی شکڵییە.


ڕیکلام