بەنزینی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان لە سلێمانی کوالێتی خراپە و لە هەولێر کێشەی نییە

  2023-07-28  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لە پشکنینەکانی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی پارێزگای سلێمانی دەرکەوتووە کوالێتی بەنزینی نۆرماڵی ۷٥۰ دیناری کە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان دابینی دەکات زۆر خراپە بە بەراورد بەهەمان جۆری بەنزین لە پارێزگای هەولێر.


خراپی کوالێتی بەنزینی پارێزگای سلێمانی، گومانی لای بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دروست کردووە کە لە سنوری پارێزگای سلێمانی دەستکاری ئەو بەنزینە بکرێت و بگۆڕدرێت بە بەنزینی کوالێتی نزمتر.

بەپێی زانیاریەکان، لە دوای ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لە گۆڕەپانەکانی سوتەمەنی سلێمانی بڕێکی زۆری نەفتای کێڵگەی کۆرمۆر بەنرخی هەرزان بەردەستەو ژمارە ئۆکتانی لە نێوان ۷۰ تا ۷٥ دایە. بەتێکەڵکردنی هەندێ مادەی کیمیایی یان بەنزینی سوپەر ژمارە ئۆکتانی بۆ نزیک ۹۰ بەرز دەکرێتەوەو بە بەنزینی نۆرماڵ دەفرۆشرێت.

لە ئێستادا شۆفێرانی سنوری سلێمانی بەهۆی خراپی کوالێتیەکەی کەمتر خواستیان لەسەر ئەو جۆرە بەنزینە هەیە کە لەناو خەڵکدا بەنۆرماڵی حکومی یان بەنزینی ۷٥۰ دیناری ناو دەبرێت.

سەرچاوە: بوار میدیا


ڕیکلام