به‌رگریی شارستانیی هه‌ولێر بۆ خوێندكاران: ئاگاداری سەری مەنهۆڵەکان بن

  2023-11-20  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر سەبارەت بە رێنماییەکانیان تایبەت بۆ سبه‌ینێ سێشەممە، کە باران بەردەوام دەبێت، خوێندكاران و قوتابیانی ئاگادار كردوه‌و وتی: " خوێندکاران ئەوانەی بە پیادە بۆ قوتابخانەکانیان دەڕۆن، ئاگاداری رێڕەوە ئاوییەکان و سەری مەنهۆڵەکان بن."

 موقەدەم کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕایگەیاند، "بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، سبەینێ سێشەممەش باران بەردەوام دەبێت، بۆیە وا باشترە بەتایبەت بۆ قوتابیان ئەوانەی بە پیادە بۆ قوتابخانەکانیان دەڕۆن، ئاگاداری رێڕەوە ئاوییەکان و سەری مەنهۆڵەکان بن، هەوڵبدەن لەو کاتەی لێزمە بارانە نەچنە قوتابخانەکانیان، ئەگەر کەمێکیش دوابکەون باشترە لەوەی ژیانیان بکەوێتە مەترسییەوە."

سەبارەت بەو شۆفێرانەش کە خوێندکاران دەگوازنەوە، موقەدەم کاروان وتی "باشترە هەموو شۆفێرێک پەتێکی 10 مەتریی بە ئەڵقەوە پێبێت، چونکە لەکاتی کوژاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکانیان، ئاسانکاری دەکەن بۆ راکێشانیان."

 

 


ڕیکلام