دواین زانیارى لەبارەى جموجۆڵى سوپاى عێراق لەناوچەى قوڕیچاى

  2020-07-16  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نزیکەى هەفتەیەکە سوپای عێراق لە ناوچەی قوڕیچای، کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی دیالە، سەڵاحەدین و ناوچەی گەرمیان، ئۆپەراسیۆنێکی دەستپێکردووە، لەوکاتەوە تا ئێستا پێشمەرگەش خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە، ژیانیش زانیارى نوی لەبارەى ئەو هیزەوە ئاشکرادەکات.

پەیامنێرى (تۆڕى هەواڵى ژیان) رایگەیاند، دواى ئەوەى  لە رۆژى شەممەى رابردوو هێزەکانى سوپاى عێراق ئۆپەراسیۆنێکیان لە سنورى دیالەوە دەستپێکردووە تا وەکو قەرەتەپە و جەبارە و سنورى دووز خورماتوو، ئۆپەراسیۆنەکە بەسەرپەرشتى  مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق سەرپەرشتى کرا، بۆ کێوماڵکردنى چەکدارانى داعش، بەڵام تائێستا ئەو هێزەى سوپاى عێراق لەشوێنى خۆیان ماونەتەوە و نەکشاونەتەوە.

وتیشى،  ماوەى سێ رۆژە سوپاى عێراق ژمارەیەک سەربازگە و رەبایەى لەو شوێنانە داناوە کە بۆشاى ئەمنى تێدا دروستبووە، هێزەکانى پێشمەرگەش رووبەڕوویان وەستاونەتەوە، لەکاتێکدا بەپێى ئەو رێکەوتنەى لەنێوان هەردولا کراوە دەبێت بەهاوبەشى ئەو شوێنانە بەڕێوەببرێن.

ئاماژەى بەوەشکرد، لە دوو رۆژى رابردوو سوپاى عێراق و پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا بەمەبەستى رێکەوتن لەسەر چۆنیەتى دانانى هێزى هاوبەش و ئۆپەراسیۆنى هاوبەش بارەگاى هاوبەش، بەڵام دەبینن هێزەکانى سوپاى عێراق بەجیا لەو سنورانە سەربازگەیان دامەزراندووە.

دواى هاتنى ئەو هێزانەى سوپاى عێراق بۆ ئەو سنورە بەرپرسانى وەزارەتى پیشمەرگە رەتیانکردەوە، هاتنى سوپاى عێراق بۆ ئەو ناوچانە بە ئاگادارى ئەوان بێت و رایانگەیاندووە، ئاگادارى ئەو هێزانە نیین و بەپێى زانیاریەکانیش لەچەند رۆژى داهاتوودا وەزارەتى پێشمەرگە کۆبوونەوەیەک ئەنجامدەدات و بەمەبەستى تاوتوێکردنى پرسى هاتنى هێزى سوپاى عێراق بۆ هەندێک ناوچەى هەرێم و بەتایبەت ناوچە کێشە لەسەرەکان.

لاى خۆشیەوە مستەفا چاوەڕەش وەک به‌رپرسی هێزه‌كانی حه‌فتا-ی پێشمه‌رگه‌ رایگەیاندووە، بەشێکى زۆرى هێزەکانیان لە سنورى کوڵەجۆ و قەرەتەپە و تا ئەو سنورانەى سوپاى عێراق بۆى هاتووە پێشڕەویان نەکردووە و لەشوێنى خۆیان ماونەتەوە، بەڵام ئەو هێزانەى کەبۆ ئۆپەراسیۆن هاتوون دەبێت بکشێنەوە،  بە پێى زانیاریەکان ئەو هێزانە نیەتى مانەوەیان هەیە و نایانەوێت بکشێنەوە.

 بەوتەى بەرپرسە سەربازیەکانى هەرێمیش ئەو هێزانە دەیانەوێت سەربازگە و شوێنى تایبەتى خۆیان لەو سنورەى بۆى هاتوون بکەنەوە و لە کاتێکدا کە بەپێى ئەو رێکەوتنەى پێشتر لەنێوان هەردولا کراوە، ئەگەر بۆشاى ئەمنیش هەبێت دەبێت بە هاوبەشى پر بکریتەوە.

 لەچەند رۆژى رابردووشدا بە بڕیارى وەزارەتى پێشمەرگە چەندین رەبایە لە سنورى قۆڕیچایى دیاریکرا بۆ مانەوەى هێزى پێشمەرگە، بەتایبەت لەو شوێنانەى رۆژانە زۆرترین جموجۆڵى داعشى تێدائەنجامدەدرێت، بەڵام سوپای عێراق ڕێگربوو، کەچی ئێستا عێراق هێزی بردووەتە ئەو ناوچەیە، بێ ڕاوێژکردن بەپێشمەرگە، بۆیە لەڕۆژانی ڕابردوودا گرژی دروستبوو.

بەپێى دواین زانیاریەکانیش لە ئێستادا هێزەکانى سوپاى عێراق لەنزیک قەزاى کفرى ماونەتەوە بەڵام هیچ پیشڕەویان نەکردووە و هێزەکانى پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدان بۆ هەر پێش هات و رووداووێک سەرهەڵبدات.
داڕشتنەوە: شادان حەسەن 



ڕیکلام