رێبوار تەها: کارەکانی سوپا لە کەرکوک نایاسایین

  2024-01-06  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامە سەرکەوتووەکانی ھاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە بەدواداچوون بۆ کێشەی گەڕەکی نەورۆز لە کەرکوک دەکەن و راشیدەگەیەنن, "پشتیوانی هاووڵاتییانی گەڕەکی نەورۆز دەکەین، هەروەها ئەو کارانەی کە سوپا لە گەڕەکەکە دەیکات نایاساییە و ترس و تۆقاندنی تێدایە بۆ دانیشتووانەکەی، لەبەرئەوەی کاری سوپا نییە بچێتە سەر گەڕەکەکان".

رێبوار ته‌ها، ئه‌ندامی سه‌ركه‌وتوی فراكسیۆنی یه‌كێتی بۆ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ هەڤاڵەکانمان لە هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە پشتگیری خۆمان بۆ دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز رادەگەیەنین و پەیامی ئاسۆ مامەندیان پێدەگەیەنین کە پشتیوانیان بۆ دووپات دەکاتەوە".

وتیشی، "لە رابردوودا زۆر هەوڵ درا بۆئەوەی کوردەکانی ئەم ناوچانە خاووەکانیان چۆڵ بکەن، لە ساڵی 2019 تەنها 24 سەعاتیان دانابوو بۆ چۆڵکردنی خانووەکان، بەڵام ئەو پیلانەمان پوچەڵ کردەوە، چەند رۆژێکە ئەو پیلانە سەریهەڵداوەتەوە، ئێمە دەمانەوێت بە دۆکیۆمێنێت قسە بکەین، لەبەر ئەوەی ئەو کارانەی کە سوپا لێرە دەیکان نایاساییە و ترس و تۆقاندنی تێیدایە بۆ دانیشتووانی ئەم گەڕەکە، لەبەرئەوەی کاری سوپا نییە بچێتە سەر گەڕەکەکان".

رێبوار تەها باسی لەوەشکرد، "ساڵی 2020 ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، لیژنەیەکی تایبەتی دروستکردووە سەبارەت بە هەموو ئەو موڵکانەی کە تایبەتە بە وەزارەتی بەرگری، لیژنەکە وەزارەتەکانی داد، کشتوکاڵ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون، دارایی ، بەرگری تێدابووە، هەموو ئەو موڵکانەی کە دیاریکراوە ئەو لیژنەیە یەکلایی بکاتەوە، بە هیج جۆرێک باس لە گەڕەکی نەورۆز نەکراوە".

باسی لەوەشکرد، "دوای چەند مانگێک لیژنەکە هەموو ئەو شوێنانەی یەکلا کردەوە کە هی وەزارەتی بەرگری عیراقە یاخود هی شوێنەکانی دیکەیە، هەروەها بە هیچ جۆرێک باسی گەڕەکی نەورۆز نەکراوە، هەروەها فەرمانگەی تۆماری خانوبەرەی کەرکوک بە دۆکیۆمێنت باس لە گەڕەکی نەورۆز دەکات و دەڵێت گەڕەکەکە هی وازەراتەی دارایی و ئابوری و وەزارەتی شارەوانی و چەند کەسایەتییەکی دیکەی کەرکوک کە ئەوکات چەند بەشێکی زەوی کەرکوک بەناویانەوە بووە، بە هیچ جۆرێک ناوی وەزارەتی بەرگری تێدانییە، ئەم بەڵگانە نووسراوی رەسمی دەوڵەتن و کەس ناوتانێت ئینکارییان لێبکات".

ئاماژەی بەوەشدا "ئەوەی لە کەرکوک و گەڕەکی نەورۆز دەگوزەرێت بریتییە لەوەی کە چاویان لەسەر موڵکی ئەم ناوچەیە هەیە، بەداخەوە نەدەبوا سوپا ئەم جۆرە دەستێوەردانەی بکردایە، چونکە دامەزراوەی دەوڵەت و دادگا و پۆلیس هەن و کاری ئەوانە نەک سوپا".

ئەوەشی خستەڕوو "لە رۆژانی داهاتوو لەگەڵ برایانی عەرەب و تورکمان و مەسیحیەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەستبەکار دەبین و دەبێت چارەسەری ئەم کێشەیە بکەین، چونکە ئەرکی ئەنجومەنی شارەکەیە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، داواش دەکەین کە سوپا بکشێننەوە لەم ناوچەیە، دەتوانین رێوشوێنی دیکە بگرینە بەر، بەڵام لامان گرنگە ئەمنییەتی کەرکوک بپارێزین".

ئەمە لەکاتێکدایە کە رۆژی پێنج شەممە، 4-1-2023، هێزێکی سوپای عیراق هەڵیکوتایە سەر گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکوک و داوای چۆڵکردنی گەڕەکەکی دەکرد و چەند هاووڵاتییەكی دانیشتووی ئەو گەڕەكەیان دەستگیركرد.







ڕیکلام