نەخشەیەکی سیاسی نوێ بۆ ئیدارەدانی کەرکوک دادەنرێت

  2024-01-11  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بە گوێرەی قسەی سەرکردەیەکی تورکمانی لەماوەیەکی نزیکدا کۆبونەوەیەکی گرنگ بەڕێوەدەچێت و نەخشەیەکی سیاسی نوێ بۆ ئیدارەدانی کەرکوک دادەنرێت و لەبەڕێوەبردنی پارێزگاکەدا هەرسێ پێکاتە سەرەکییەکەی بەشداری دەکەن.

محەمەد بەیاتی سەرکردەی تورکمانیی لەچاوپێکەوتنێکیدا ڕایگەیاند، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ١٨ی کانونی دوەم وێنەی ژمارەی کورسییەکانی کوتلە سیاسییەکانی کەرکوکی بەرهەمهێنا، چ تورکمان، عەرەب یان کورد بێت.

ئاماژەی بەوەشکردوە، دۆخی پارێزگاکە ناوازەیە و دەبێت لەڕێگەی کۆدەنگی نیشتمانییەوە بەڕێوەببرێت بەبێ ئەوەی هیچکام لەپێکھاتە سەرەکییەکانی پەراوێزبخرێت.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، کۆبونەوەی گرنگ هەیە لەماوەی ٤٨ کاتژمێری داهاتودا ئەنجامدەدرێت، کە ڕەنگە سەرەتای لەدایکبونی نەخشەیەکی سیاسیی نوێ بێت بۆ ئیدارەی کەرکوک بەگوێرەی پرەنسیپی شەراکەتی نیشتمانی.

باسی لەوەشکردوە، چەندین بۆچون هەن بۆ ئیدارەی پارێزگاکە بەدابەشکردنی ٤ ساڵ بەسەر ٣ قۆناغدا، کە تێیدا هەر پێکهاتەیەک لەسەری هەرەمەکەوە تا خوارەوە ڕۆڵی دەبێت لەبەڕێوەبردنی پارێزگاکە، ئەو پێشنیازەش لەواقیعەوە نزیکەو هاوسەنگیی دەپارێزێت.

هەروەها وتویەتی، "کۆبونەوەکانی داهاتوو بژاردەکان یەکلایی دەکەنەوە، بەتایبەتی کە دیدگای جیاواز هەیە، بەڵام ئێمە پشتگیریی لەپرەنسیپی هاوبەشیی دەکەین بەشێوەیەک هەموو پێکھاتە سەرەکییەکان ڕۆڵیان هەبێت لەداڕشتنی ئایندەی کەرکوک.


ڕیکلام