هاوپەیمانی عەرەبی: پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ ئێمە دەبێت

  2024-01-13  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە کەرکوک، بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی لە هەماهەنگیدان بۆئەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک نەدەن بە کورد.

حاته‌م تائی، وته‌بێژی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوك ئاماژەی بەوەکرد،‌ هیچ جیابونه‌وه‌و لێكترازانێك له‌ناو هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی له‌ كه‌ركوكدا نییە و پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی خاوه‌نی 6 كورسییه‌ له‌ناو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك و ئێستاش هه‌وڵی لێكگه‌یشتنی دیكه‌ ده‌دات تا بتوانێت ببێته‌ زۆرینه‌ی ناو ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ و بتوانێت بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرەی تورکمانی پارێزگار دیاری بكات.

ڕوونی کردەوە پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك بۆ پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب ده‌بێت و قۆناغی داهاتووش سه‌قامگیرییه‌كی گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت، چونكه‌ كه‌ركوك له‌ ماوه‌ی داهاتوودا پێویستی به‌و سه‌قامگیرییه‌یه‌.

ئەمەش لەکاتێکدایە بەپێی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق كه‌ له‌ 18ی تشرینی دووه‌می 2023 سازكرا، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان لە پارێزگای کەرکوک توانی زۆرترین دەنگ بەدەستبهێنێت و ببێتە خاوەنی 5 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش توانی 2 کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکە بەدەستبهێنێت.

هاوكات پێكهاته‌ی عه‌ره‌ب له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كدا بوونه‌ته‌ خاوه‌نی 6 كورسی و توركمانیش 2 كورسیی هه‌یه‌، عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركوك ده‌یانه‌وێت به‌ پێكهێنانی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ توركمان 8 كورسی كۆبكه‌نه‌وه‌و ببنه‌ زۆرینه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نوێ و له‌وێشه‌وه‌ پۆستی پارێزگار به‌ده‌ست بهێنن یه‌ك كورسیش تایبه‌ت به‌ كۆتای مه‌سیحییه‌كان.


ڕیکلام