ستران عەبدوڵڵا: یەکێتی لەکەرکوک جێگای متمانەیە و ئەو متمانەیە هەرگیز لەدەست نادەین

  2024-01-14  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەو متمانەیەی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە کەرکوک بەدەستی هێنا دەتوانێت هەموو لایەنەکان یەک بخاتەوە و بەو متمانەوە خۆی ئامادە بکات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ستران عەبدوڵڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، بنەمای دیموکراسی ئەوەیە دەتوانیت داوای هەموو شتێک بکەیت، بەڵام ئەمە نابێتە بنەمای دانوستاندێکی بەرهەمدار، دەشبێت بە روانگەیەکی کوردستانی کەرکوکی و عیراقیانە هەڵسوکەوت لەگەڵ دۆسێی ئیدارەی کەرکوک بکەین و هەموو سیناریۆکانمان لەبەرچاو بێت لەو شارە.  
  
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سەنگەی یەکێتیی نیشتمانیی لە کەرکوک بەدەستیهێناوە دەبێتە بنەمای دانوستاندنەکانی و پێی باشە کورد پێکەوە بێت ئینجا لەگەڵ لایەنەکانی تری کەرکوک گفتوگۆ بکات و تاکلایەنانە حوکم ناکات، زیانی ئەوەی یەک لیست  نەبووین  با ببێتە دەرس کە بۆ پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک  کورد بەیەکەوە بێت.

باسی لەوەشکردوە، هەتا زووتر گفتوگۆ بکرێت باشترە، پێویستە هەموو لایەنەکانی کەرکوک و نەتەوەکان لەناو خۆیان یەک بن گفتوگۆکان ئاسانتر بکەن، کێشەی  تورکمانیش ئەوەیە  لەدوای ڕوخانی سەدام هاوپەیمانێکی  باشی بۆ خۆی نەدۆزیوەتەوە، کورد لەکەرکوک حەلیفێکی باش دەبێت بۆ تورکمان، لە کاتێکدا ⁠عەرەب لەپارێزگای کەرکوک ئیدارەیەکی باشی کەرکوکی نەداوە.

دەشڵێت: "سێ بنەما  گرنگە، ئیستحقاقی  هەڵبژاردن و پرەنسیبی چەپکە گوڵەکە و یاسای هەڵبژاردن کە دەڵی بەتەوافق  ئیدارەی کەرکوک بدەن، یەکەمی هەڵبژاردن پارێزگار وەردەگرێ و بەشی لایەنەکانی تریش دەدات ئەوە تەوافوکەکەیە لەکەرکوک،‍ چەپکە گوڵەکە مەبدەئی جەنابی مام جەلالە کە ئیدارەی کەرکوکی پێبدەین، یەکێتی لەکەرکوک جێگای متمانەیە و ئەو متمانەیە ھەرگیز لەدەست نادەین.

لەکۆتایی قسەکانیشیدا رایگەیاند: "بۆ داهاتوو ڕومان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بۆ ئێمە کوردستان هەر یەکە با  تایبەتمەندی هەبێت و ئاستی گەشەی سیاسی جیاواز بێت، ‍ئەو هەڵمەتی مۆدێلەی یەکێتی لەکەرکوک کە مۆدیلێکی یەکێتیانە و کوردستانییە هی ئەوەیە  بیبات  بۆ هەموو شارەکانی هەرێم و لەوێش بیبەینەوە، مژدە بێت بۆ یار و نەیار لە هەڵبژاردنی هەرێمیش بە نەفەسی بوژانەوەی یەکێتی سەرکەوتوو دەبین".


ڕیکلام