شەممە سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت

  2024-01-25  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رۆژی شەممە ٢٧ی ئەم مانگە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت، لە بەرنامەی کاری پەرلەماندا جێگیرکرا.

دوێنێ شەو هاوپەیمانی (ئیدارەی دەوڵەت) لە کۆشکی حکومەت لە بەغداد کۆبووەوە، ئەم هاوپەیمانێتییە هەموو ئەو لایەنانە بەخۆدەگرێت کە پێکەوە کابینەی حکومەتیان پێکهێناوە، لە کۆبونەوەکەی دوێنێ شەودا بڕیاریاندا لەسەر ئەوەی لەزوترین کاتدا بابەتی بەتاڵبوونی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان چارەسەر بکەن. 

رۆژی ١٣ی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی بەڕێوەبرد بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، پێنج کەس لە پێکهاتەی سوننە خۆیان بۆ پۆستەکە کاندید کردبوو، لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا، کاندیدی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی حزبی (تەقەدم) کە (شەعلام کرەیم) بوو، زۆرینەی بەدەستهێنا کە (١٥٢) دەنگ بوو، لەدوای ئەویش کاندیدی هاوپەیمانی سیادەی خەمیس خەنجەر کە (سالم عیساوی) بوو دەنگی دووەمی بەەدەستهێنا (٩٧) دەنگ. 

هەندێک لە لایەنە شیعەکان نیگەران بوون لەم ئەنجامە، بەتایبەتیش لەکاتێکدا حەلبوسی هیچ رێککەوتنێکی ئاشکرای لەگەڵ لایەنەکان نەکردبوو بۆ سەرخستنی کاندیدەکەی، ئەم نیگەرانییانە وایکرد پەرلەمان گەڕی دووەم و کۆتایی دەنگدان رابگرێت و دواتریش هەندێک لە پەرلەمانتارانی شیعە سکاڵای یاسایی لەسەر کاندیدەکەی حەلبوسی لە دادگای فیدراڵی تۆمار بکەن و تۆمەتباری بکەن بەوەی لایەنداری حزبی بەعسی هەڵوەشاوە دەکات، سکاڵایەکی تریش لەبارەی یاسایبوون یان نەبوونی دانیشتنی رۆژی ١٣ی مانگی پەرلەمان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکراوە. 

لەناو لایەنە شیعەکان قسەوباس گەرمە لەبارەی ئەوەی هەندێک لە پەرلەمانتاران لەلایەن حەلبوسییەوە وەکو بەرتیل پارەیان پێدراوە بۆ ئەوەی دەنگ بۆ کاندیدەکەی (شەعلان کرەیم) بدەن، حەلبوسی پێشتریش ئەم تۆمەتانەی لەسەر بوو، گوایە پارە بەکاردەهێنێت بۆ کڕینی دەنگی پەرلەمانتاران.

لەسەر ئەم بنەمایە مو‌حسین مەندەلاوی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لیژنەیەکی پێکهێنا، بۆ لێکۆڵینەوە لە پێدانی پارە بە ئەندامانی پەرلەمان لەبەرامبەر دەنگدانیان بۆ یەکێک لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان. 
لیژنەی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان، پەرلەمانتاری کورد لە فراکسیۆنی (رێبوار هادی) سەرۆکایەتی دەکات کە خۆی سەرۆکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانە، لیژنەکە (ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمان لەخۆدەگرێت و لە ئەمڕۆوە دەستبەکاردەبێت. 

١٤ی تشرینی دووەمی رابردوو، دادگای باڵای فیدرالی عێراق بەتۆمەتی ساختەکردنی نوسراو، کۆتایی بە ئەندامێتیی محەمەد حەلبوسی لە پەرلەمانهێنا، بەوهۆیەوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەتاڵ بوو، ئەم پۆستە تائێستا پڕنەکراوەتەوەو بەبێ پڕکردنەوەی پەرلەمان ناتوانێت دەنگ لەسەر پرۆژەیاساکان بدات. 

بەپێی نەریتی سیاسی داکەوتووی دوای روخانی سەددام، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی پێکهاتەی سوننەیە، شیعەکان بەدیاریکراویش مالیکی هەوڵیدا سوننەیەکی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگیی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەماندا دابنێت، بۆ ئەمەش (مەحمود مەشهەدانی) دیاریکرا، بەڵام لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا مەشهەدانی کەوت.


ڕیکلام