ئەمڕۆ ١٦ کاندیدەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک سوێندنی یاسایی دەخۆن

  2024-01-29  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەمڕۆ سەرجەم کاندیدە دەرچووەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، کە ژمارەیان ١٦ کاندیدە لە دادگا سوێندی یاسایی بخۆن و بڕیارە لە یەکەم دانیشتندا پارێزگاری کەرکوک هەڵبژێرن.

بڕیارە کاتژمێر ١٢ی ئەمڕۆ کاندیدە دەرچووەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە دادگا سوێندی یاسایی بخۆن پێشتریش د. ئەحمەد فاتیح کاندیدی دەرچووی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە هاوپەیمانی کەرکوک ھێز و ئیرادەمانە ئەوەی ڕاگەیاندبوو.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، بەپێی یاسا لەماوەی ١٠ رۆژدا پێویستە پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت کاندیدە دەرچووەکان کۆبکاتەوەو یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگاکە دەستپێبکات، بەڵام ئەگەر پارێزگاری بەوەکالەت بەو ئەرکە هەڵنەستاو کەمتەرخەمی کرد، یاسا دەسەڵات دەداتە کاندیدە دەرچووەکان کە خۆیان کۆببنەوەو بڕیار لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بدەن.

رۆژی ١٦-١٢-٢٠٢٣، دەنگدانی تایبەت و رۆژی ١٨ی هەمان مانگ دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق بەڕێوەچوو کە تێیدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکەمی کەرکوک بوو و هاوپەیمانییەکەی بەناوی هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، ١٥٧ هەزار و ٦٣٩ دەنگی بەدەستهێنا کە دەکاتە لە ٤٣% ی دەنگەکانی ئەو پارێزگایەو بووە خاوەنی ٥ کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.


ڕیکلام