بافڵ جەلال تاڵەبانی: خەمی کەرکووک خەمی ئێمەیە

  2024-02-09  | 
دۆسیە:  کەرکوک
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی 20 ساڵەی مورافەعە مێژووییەکەی سەرۆک مام جەلال پەیامێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەمیشە لە کەرکووک و لەناو دڵی خەڵکە خۆڕاگرەکەیدا بووە، خەمی کەرکووک خەمی ئێمەیە.

دەقی پەیامەکەی...

ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادی ٢٠ ساڵەی مورافەعە مێژووییەکەی سەرۆک مام جەلال لە ئەنجوومەنی حوکم دەکەینەوە، یادی ئەو رۆژەی سەرۆک و رابەرمان بە نەخشە و بەڵگەی مێژووییەوە کوردستانیبوونی کەرکووکی سەلماندەوە.

کەرکووکی قودسی کوردستان بەشێکی گەورە و گرنگی خەباتی سیاسیی سەرۆک مام جەلال بوو، ئەمڕۆش ئێمە بە ھەمان وزە و رۆحییەتەوە درێژە بەو سیاسەتە دەدەین و خەبات لەپێناو سەربەرزیی و سەرفرازیی کەرکووک و خەڵکە تێکۆشەرەکەیدا دەکەین.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ھەمیشە لە کەرکووک و لەناو دڵی خەڵکە خۆڕاگرەکەیدا بووە، خەمی کەرکووک خەمی ئێمەیە و گەیشتن بە مافە یاسایی و دەستوورییەکانیشی لە ئەستۆی ئێمەیە. 

ئێمە دەمانەوێت کەرکووک وەک ھەمیشە نموونەی باڵای ئاشتەوایی و پێکەوەژیان بمێنێتەوە و خەباتیشی بۆ دەکەین، کەرکووک ئەو شارە بێت کە ھەموو دانیشتووانەکەی بەسەرجەم نەتەوە و پێکھاتەکانەوە دوور لە ناکۆکی، بە خۆشەویستی و بەرپرسیارێتییەوە کار بۆ داھاتوویەکی پرشنگدارتر بکەن و کەرکووک ببێتەوە بەو شارەی ھەمووان خەونی پێوەدەبینن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی 
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


ڕیکلام