هاوسەری یەکەمی ئەبوبەکر بەغدادی: "لە دەوڵەتی ئیسلامیەوە گۆڕا بوو بۆ دەوڵەتی ژنان"

  2024-02-16  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان

ئوم حوزەیفە هاوسەری یەکەمی ئەبوبەکر بەغدادی (خەلیفەی داعش) دەڵێت: ئەبوبەکر بەغدادی چەند ژنێک و (٩-١٠) کەنیزەکی ھەبوو،
لەو سەردەمەدا هەوای ژن و کەنیزەک لە کەلی دابوون، بەرای من خەلافەتەکە لە دەوڵەتی ئیسلامیەوە گۆڕابوو بۆ دەوڵەتی ژنان
ئەسما محەمەد کە بە (ئوم حوزەیفە) ناسراوە هاوسەری یەکەمی ئەبوبەکر بەغدادی (خەلیفەی داعش) لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی (العربیە)دا باس لە ژیانی ئەبوبەکر بەغدادی دەکات:


ساڵی ١٩٩٩دا لەگەڵ ئەبوبەکر بەغدادی ھاوسەرگیریم کردووە، ئەو کات ئەبوبەکر بەغدادی قوتابی ماجستێر بووە لە کۆلێجی زانستە سیاسیەکان، لەوکاتەدا هیچ بیروهزرێکی توندڕەوی نەبوو، کەسێکی ئاسایی، بەڵام دوای دەستگیرکردنی لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە عێراق و مانەوەی لە زیندان بۆ ماوەی ساڵێک و، دوای دەرچوونی لە زیندان گۆڕانکاری بەسەردا هات. لە ماڵەوە مامەڵەی لە گەڵ ئێمە نەگۆڕابوو، بەڵام زۆر لە ماڵەوە نەدەبوو. لەو ماوەیەدا هەستم بە ئاڵۆزیەک دەکرد لە کەسێتیەکەیدا، دواتر لە ٢٠١٠ زانیم پەیوەندی بە رێکخراوی قاعیدەوەکردووە.
لە ساڵی ٢٠٠٨دا لە لایەن ئەمریکاییەکانەوە داواکراو بوو و، بەدوایدا دەگەڕان. دوای ئاشکرابوونی ئیتر ئێمە بەردەوام لە ماڵە و ماڵ و گواستنەوەدا بووین، گرنگترین شت بەلای بەغدادییەوە (ئاسایشی شەخسی) خۆی بوو. توندوتیژی لە گەڵ ئێمەدا ئەوەبوو وەک لە ژێر ئیقامەی زۆرەملیدابین وابوو. قەدەغە بوو لە ماڵ بچینە دەرەوە.

وەک خیزانی بەغدادی ئێمە لە حەشارگە نەبووین و، لە ماڵەوە ئاسایی دەژیاین. لە ناوچەی تاجی لە عێراق تاڕادەیەک سەقامگیر بووین.

لە ماڵەوە لەبەرچاوی منداڵەکان پشتێنی بۆبپڕێژ کراوی نەدەبەست، تەنها دەمانچەی هەڵدەگرت. لەو ماوەی لە تاجی بووین هیچ هەوڵێک نەدراوە بۆ کوشتنی یان گرتنی. ڕۆژێک لە ڕۆژان نەمبینی بریندار بووبێت یان لێی درابێت. بەغدادی مکوڕ بوو لە پاراستنی خۆی، بەتایبەتی لە درۆنی ئەمریکایی دەترسا. لە ماڵ نەدەچووە دەرەوە تا دڵنیا نەبووایە کە دەنگی فڕۆکە نایەت. تا ئەو کاتە تەنها من هاوسەری بووم، بەڵام پێی ووتم کە ژنێکی دیکەی هەبووە و تەڵاقی داوە و، کچێکی لێی هەیە.

ئەو کاتەی بەغدادی وتاری هەینی بەئاشکرا لە موسڵ دا، من لە گەڵ منداڵەکانم لە شاری ڕەقە بووم. پێش ئەو وتارە هاتەوە بۆ ماڵەوە و وتی منداڵە بچووکەکان لە گەڵ خۆی دەبات و دەچن بۆ مەنێورە لە نزیک ڕەقە و، فێری مەلەیان دەکات. دوای چەند ڕۆژێک تووشی شۆک بووم  بەدەرکەوتنی لە تەلەفیزیۆن و وتار دانەکەی.

من و منداڵەکان ئەو کاتە لە تارمییە بووین. ئەو پیاوەی میوانخانەکەی خاوێن دەکردەوە لە ڕێگەی ژنەکەیەوە پێی ووتم دەچین بۆ ناوچەیەکی دیکە. پێی نەووتم بۆ کوێ دەچین، بەڵام بەسەرنجدان لە تابلۆکانی هاتووچۆ زانیم بەرەو موسڵ دەڕۆین. لە دەشتی نەینەوا ڕادەستی ماڵێکی دیکەی کردین و، لەوێ چەند ڕۆژێک ماینەوە. خاوەن ماڵەکە پێی ووتم دەبێ بڕۆین بۆ جێگەیەکی تر. ڕۆیشتین و لە ڕێگا ژنێکی دیکە لە گەڵمان سەرکەوت. دواییتر زانیم ئەو ئافرەتە ژنی یەکێک لە سەرکردەکانی داعشە بەناوی محمد حدود. لەوێش وتیان دەبێ ئێوە لێرە بڕۆن. کەس پێی نەدەووتم بۆ کوێ، بەڵام ژنی ماڵەکە پێی ووتم دەچێت بەرەو هەولێر. بەلامەوە سەیر بوو. باشە ئێمە لە هەولێر چی بکەین. لە کاتی ڕۆیشتندا ڕێمان کەوتە خاڵێکی پشکنینی پێشمەرگە. لەوێ دابەزین و شۆفێرەکەمان قسەی لە گەڵ ئەفسەرێکی کورد کرد و بڕێک دۆلاری دا بەئەفسەرەکە. بەردەوام بووین لە ڕۆیشتندا و، لە کۆتاییدا بۆم دەرکەوت چووینەتە ناو خاکی سوریاوە.

لە شاری ڕەقە کەس نەدەهات بۆ ماڵمان. تاکە کەسێک کە دەهات ناوی مەنێور بوو و، بەردەوام لە گەڵ بەغدادی بوو. بەغدادی کچەکەی خۆی کە ١٢ ساڵان بوو دابوێ. کوڕەکە تەمەنی ٢٣ ساڵ بوو. لە ماوەیەکی زۆردا تەنها جارێک محمد العدنانی سەردانی بەغدادی کردوە. لەو قۆناغەدا تەنزیمی دەولە تووشی "غرور" ببوو.

دوای وتارەکەی، بەغدادی گەڕایەوە بۆ ڕەقە. من و ئەو گفتوگۆمان لەسەر پرسی خەلافەت کرد. من بەپێی خوێندەوارییەکەی خۆم پێم ووت ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەت لە ئێستا شتێکی ڕاست نییە، چونکە خەلافەت مەرجی خۆی هەیە، بەڵام ئەو وتی: نەخێر، خەلافەت لە هەموو کاتێکدا دەبێ هەبێت. دوای وتارەکەی بەغدادی، ئیتر ئێمە وەک خێزان هەستمان کرد بەڕاستی لە مەترسیداین. بەغدادی تووشی غرور ببوو و، کەسەکانی دەورپشتی گرنگ نەبوون بەلایەوە. ئەوەی بەلای ئەوە گرنگ بوو "فتوحات" و چۆنییەتی فراوانکردنی دەولە بوو. خەونی زۆریان هەبوو، پێیانوابوو کە دەگەنە ڕۆما. بەڕاستی ئەو شتانە بەڵای منەوە "خورافات" بوو.

دوای ڕزگارکردنی موسڵ ئێمە لە ڕەقەوە چووین بۆ موسڵ. ئیتر ژیانمان لە نێوان موسڵ و رەقەدا دابەش ببوو. نەلە موسڵ سەقامگیر بووین نەلە ڕەقە و، بەپێی بارودۆخی ئەمنی دەگۆڕا. لەو ماوەیەدا خەڵکانی بیانی لە ناو دەولە زۆر ببوون و، هێزی دەولە بوون. لەو ماوەیدا بەغدادی بەئازادی دەگەڕا و جاری وا هەبوو خۆی ئوتومۆبێلەکەی لێدەخوڕی و، پێویستی بەمەنسوریش نەبوو وەک پاسەوان لە گەڵیدا بێت. ناوچەیەکی زۆریان لەبەردەستدا بوو و، ئوتومۆبێلێکی زۆریان هەبوو. هەر بەڕاستی خۆیان بەدەوڵەت دەزانی. ئەوەی چاوەڕێیان دەکرد دان پێدانانی نێودەوڵەتی بوو.

سەبارەت بە هاوسەرەکانی، ئوم حوزەفە دەڵێ: پێش ڕایگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەت ژنێکی سوری خواست کە خەڵکی حەلەب بوو. ئەو ژنە پێشتر شووی کردبوو و پێنج منداڵی هەبوو. ئەو ژنە پێش ئەوەی مێردی پێشووی بکوژرێ، لە سعودیە ژیابوو. لە سعودیەوە هاتبووە سوریا بۆ ئەوەی شوو بە بەغدادی بکات. دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی خەلافەت ژنی سێیەمیشی هێنا کە عێراقی بوو و تەمەنی (١٤) ساڵ بوو. ژنێکی چیچانیشی لە ساڵی ٢٠١٥دا ھێناوە.

سەبارەت بە "سەبایا" دەیانووت کە بەغدادی (٩) یان (١٠) سەبایای هەبووە و، هەموویان ئێزیدی بوون. ئوم حوزەفە دەڵێ ڕەنگە زیاتریش بووبن، چونکە لەو سەردەمەدا هەوای ژن و کەنیزەک لە کەللـەی دابوون. بەڕای من لە دەوڵەتی ئیسلامییەوە گۆڕابوو بەدەوڵەتی ژنان. سەبایا لە قورئاندا باس کراوە و، ئەوە لە سەردەمەکانی کۆندا بووە، بەڵام ئێستا من قەناعەتم وایە وەک کویلایەتییە. زۆر پرسی سەبایام لە گەڵ بەغدادی باسکردووە، تەنانەت جارێکیش دامی بەدادگای شەڕع گوایە من نکوڵی لە شەڕع دەکەم.

سەبایەکانی بەغدادی لە گەڵ من نەژیاون. ئەگەر ژیابێتیشن ڕۆژێک یان دوو ڕۆژ بووە، تەنها کەنیزەکێکی منداڵی ئێزیدی کە منداڵیشی هەبوو و ناوی "ڕیهام" بوو نزیکەی مانگێک لە گەڵ من ژیاوە. من ئاگام لە مامەڵەی بەغدادی نەبووە لە گەڵ کەنیزەکەکانی. ئەوەندەی من بزانم ھەموو سەرکردەکانی دەولە کەنیزەکی ئێزیدیان هەبووە. لەو سەردەمەدا هەموو تەنزیمەکە وەک وەحشی وابوون بۆ ژن. سەبارەت  بەکچ و ژنی ئێزیدییەکان من وەک کەنیزەک مامەڵەم لە گەڵ نەدەکردن. من وەک مرۆڤ سەیرم دەکردن، چونکە دەمزانی ئەو کچە مرۆڤە و کەسەکانی خۆی و کۆمەڵەگەی خۆی لەدەستداوە. تەنانەت کەنێزەکێکی بچکۆلەی بەغدادی لە گەڵ من و کچەکەم لەسەر یەک جێگا دەخەوتین و، بە "دایە" بانگی دەکردم.

سەبارەت بە خۆپاراستنی سەرکردەکانی داعش و منداڵەکانیان و بەرەڵا کردنی ژن و منداڵی خەڵکی سادە، ئوم حوزەیفە دەڵێ: بەڕاستی پەڵەیەکی ڕەشە بەناوچەوانی ئەو تەنزیمەوە. بەڕاستی ئەو تەنزیمە مێژوویەکی رەش بوو. داوا لەو ژنانە دەکات کە تاکو ئێستاش قەناعەتیان بەدەولە هەیە کە خۆیان ڕۆشنبیر بکەن و، شوێن ئەو خەونە نەکەون. ئوم حوزەیفە دەڵێ: ئەو ڕێکخراوە تەواو بوو و کۆتایی پێهات. لەو باوەڕەدام جارێکی دیکە زیندوو نابێتەوە. 
کوڕە بچکۆلەکەم و بەغدادی لەگەڵ دوو ژنیدا بەدەستی بەغدادی خۆی تەقێندراونەتەوە.


ڕیکلام