ئەوقافی ھەولێر لەبارەی وازهێنانی مامۆستا فاتیح شارستێنی لە وتاردان ڕوونکردنەوە دەدات

  2024-02-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌وقافی هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی كۆتاییهاتنی ئه‌ركی مامۆستا مه‌لا فاتح شارستێنی ده‌دات، كه‌ به‌ خواستی خۆی ئه‌ركه‌كه‌ی له‌ مزگه‌وتی رێگای به‌هه‌شت له‌ هه‌ولێر كۆتاییهاتووه‌.

دوێنێ ھەینی مامۆستا فاتح شارستێنی، وتاربێژی مزگه‌وتی رێگای به‌هه‌شت له‌ گه‌ڕه‌كی رۆشنبیری هه‌ولێر له‌ گرته ‌ڤیدیۆیه‌كدا رایگه‌یاند، "به‌هۆی دووریی رێگه‌كه‌ی و شوێنی دانیشتنی و سه‌رقاڵبوونی به‌ كاری تایبه‌تییه‌وه‌‌، بڕیاری داوه‌ كۆتایی به‌ وتاربێژی بهێنێت له‌ مزگه‌وتی ناوبراو، كه‌ پێشتر له‌لایه‌ن خاوه‌نه‌كه‌یه‌وه‌ بۆ ئه‌و ئه‌ركه‌ بانگهێشتی هه‌ولێر كرابووه‌."

بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی ھەولێر له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "بەداخەوە ھەندێ شوێن بۆ نانەوەی نیفاق و چەواشەکاری دوور لە پرەنسیپەکانی کاری میدیایی و پیشەیی، کارەکانیان بە مەرام ئەنجام دەدەن و لە جێگەی بەڕێز (مامۆستا مەلافاتح شارستێنی) و بەڕێوەبەراتیمان لێدوان دەدەن".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ "لێرەوە بە ھەموو لایەکی رادەگەێنین کە گوێگکرتن لە قسەکانی بەڕێزیان (مامۆستا مه‌لا فاتح شارستێنی) لە رۆژی ھەینی 16ـی شوباتی 2024، خۆی باسی وتاری ھەینی لە مزگەوتی رێگەی بەھەشت دەکات و ھۆکارەکانی بە جوانی رووندەکاتەوە".

ئەوقافی ھەولێر دەشڵێت، "مامۆستا مەلا فاتح لای ھەموومان کەسێکی دڵسۆز بە ئاین و نیشتمانە و رێزی تایبەتی ھەیە، خۆی لەم قۆناغەدا ئەم بڕیارەی داوە، ھەمیشە دەرگاکانمان بۆ بەڕێزیان کراوەیه‌".



ڕیکلام