پارێزگاری هه‌ولێر: كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە ئاسان نەبوو

  2024-02-28  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند، ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە، ئاگرێکی ئێجگار گەورەبوو بە بەرزی زیاتر لە سێ مەتر و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نەبوو، هەموو هەوڵێکی تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی تریش بۆ ئەوە بوو ئاگرەکە کەمترین زیانی هەبێت و کەلوپەلی کاسبکاران لە سووتان رزگار بکرێت.

ئومێد خۆشناو، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت، "دوای ئەوەی شەوی رابردوو 27ی شوبات، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، دەمودەست تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و لە ماوەیەکی کەمدا بە هەوڵی ئەفسەر و کارمەندانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بەهۆی ئاگره‌كه‌وه‌ لەکۆی دوو هه‌زار و 400 دوکان 166 دوکانی بازاڕەکە سووتا و زیانیان پێگەیشت، ئەوە جگە لەوەی 90 کەس لە کارمەندانی بەرگری شارستانی و کاسبکارانی بازاڕەکە و هاووڵاتییان بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستیان تێکچوو، بەشێکیان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی رووداوەکە چارەسەرکران و 24 کەسیشیان گواسترانەوە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و رەوانەی ماڵەوە کرانەوە.

پارێزگاری هه‌ولێر ئاماژەی بەوەشداوە، "ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە، ئاگرێکی ئێجگار گەورەبوو بە بەرزی زیاتر لە سێ مەتر و کۆنتڕۆڵکردنی ئاسان نەبوو، هەموو هەوڵێکی تیمەکانی بەرگری شارستانی و تیمەکانی تریش بۆ ئەوە بوو ئاگرەکە کەمترین زیانی هەبێت و کەلوپەلی کاسبکاران لە سووتان رزگار بکرێت، سوپاس بۆ خودا لە ڕوودانی ئەو کارەساتە لە شارەکەمان جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتەوە".

 باسی له‌وه‌شكردووه‌، "کاسبکاران و هاووڵاتییانی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە لە سەر فەرمان و راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر لیژنەیەکی تایبەتی لە سەرجەم لایەنەکان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، هەر ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەره‌ر و زیانی بازاڕەکە لەلایەن لیژنەکانەوە تەواوی بازاڕەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی پاککرایەوە.






ڕیکلام