پارێزگاری هەولێر فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دەخاتە ئامادەباشییەوە

  2024-03-17  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری هەولێر سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانی راسپار بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و چاوەڕوانەکراو لە ئامادەباشیدان.

لە راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێردا هاتووە، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا، كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەگەڵ قائیمقام و بەرپرسانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكانی پارێزگاكە ئەنجامدرا، سەبارەت بە ڕەوشی كەشوهەواو و پێشبینییەكانی كەشناسی بۆ ئەو ڕێژە بارانبارینەی كە چاوەڕوان دەكرێت لەچەند ڕۆژی داهاتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر ببارێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە كۆبوونەوەكەدا، دوای هەڵسانگدن بۆ ڕەوشەكەو پێشكەشكردنی ڕاپۆرتی كەشناسی و پێشبینییەكان بۆ رەوشی كەشوهەوای چەند ڕۆژی داهاتوو، ئەم بڕیارانەی خوارەوە دران:

یەكەم/ سەرجەم قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان، هەریەك لە سنووری خۆی ژوورێكی  عەمەلیات پێكدەهێنێت و لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و چارەسەركردنی ئەو گرفت و كێشانەی كە دەبنە هۆكار و مەترسی دروستبوونی لافاو.
 
دووەم/ بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاوەڕۆ و ئاودێری، بەردەوام دەبن لە پاككردنەوەی ڕێرەكانی (ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورس، كەند و سەرجەم چاڵەكانی ئاو وەرگرتن، مەنهۆلەكان، ئاوەڕۆكان).

سێیەم/ سەرۆكایەتی شارەوانی و بەڕیوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەكان، لەگەڵ سەرجەم تیمەكانیان لە ئامادەباشی و هەماهەنگی یەكتردابن بۆ هەر ئەگەر و پێشهات و ڕووداوێكی چاوەڕوان نەكراو.

چوارەم/ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی ڕێگا و بانی هەولێر، وەك پێشوتر لەسەر ڕێگا گشتیی و سەركیەكانی دەرەوەی شار دابەشدەكرێن و بەردەوام دەبن لە پاراستن و چاككردنەوە و رێكخستنەوە و پاككردنەوە ڕێگای سەرەكییەكان.

پێنجەم/ (ئاسایش، پۆلیس، بەرگری شارستانی، پۆلیسی هاتووچۆ، زێرەڤانی، تەندروستی) لە ئامادەباشی تەواودابن بۆ ڕوودانی هەر ئەگەرێكی نەخوازراو و مەترسی دروستبوونی لافاو. 

شەشەم/ ناوەندی قەیرانەكانی پارێزگا و دەزگای خێرخوازی بارزانی، لەگەڵ فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان و كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، لە ئامادەباشی دادەبێت بۆ چارەسەركردنی هەر ڕووداوێك و دروستبوونی هەر كێشە و گرفت و حاڵەتێكی نەخوازراو.

حەوتەم/ سەرجەم شار و سیتیەكان، لە بەرامبەر پاككردنەوەی ڕێرەی ئاوی سروشتی باران، ئاوی قورسی كەند و سەرجەم چاڵەكانی ئاو وەرگرتن و مەنهۆلەكان و خاوێنكردنەوەی ئاوەڕۆكانی سنوورەكانیان  بەرپرسیارن.

هەشتەم/ داوای لە هاوڵاتییان دەكەین هەمانگ و هاوكاری تیمەكانبن و پابەندی ڕێكار و ڕێنماییەكانبن، لەحاڵەتی باران بارینی زۆر نزیكی ڕووبار و ئەو شوێنانە نەبنەوە كە ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە.

نۆیەم/ سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندارەكان لە جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە بەرپرسن و لەبەرامبەر هەر كەمتەر خەمییەك لە جێبەجێكردنی ئەرك و كارەكانیان هەریەكە و بەئاستی بەرپرسیاریەتی خۆی بەرپرسیار دەبێت.


ڕیکلام