تۆمەتباركردنی دادگای فیدراڵی مشتومڕی توندی لە عێراق دروستكردووە

  2024-03-22  | 
دۆسیە:  عێراق
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مشتومڕەكان لە عێراق لەبارەی ئەو تۆمەتانەی روبەڕوی دادگای فیدراڵی و جاسم عومێری سەرۆكی دەبێتەوە لە هەڵكشاندایە بە تایبەت دوای بڕیارەكانی ئەم دواییەی كە حزبە كوردیەكان بە"سیاسیكراو" وەسفیانكرد، وێڕای قسەكانی پەرلەمانتارێكی پێشوی عێراق، كە رایگەیاند، سەرۆكی دادگای فیدراڵی بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەڕەشەی لێكردووە.

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، لە هەفتەكانی رابردودا، كۆمەڵێك بڕیاری بێوێنەی دژی هەرێمی كوردستان دەكرد, بەوپێیە دەسەڵاتی مامەڵەكردنی كاروباری دارایی لە هەرێم سەندەوەو رادەستی بەغدادی كرد, وێڕای بڕیارێكی تری لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكان و میكانیزمی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن.

دوای بڕیارەكە، عەبدولرەحمان زێباری, كە دادوەرێكی كوردە، كشانەوەی خۆی لە ئەندامێتی دادگاكە راگەیاند، لەبەرامبەر بڕیارەكانی ئەم دواییەی دادگاو بە نادروست ناوی هێنا، هەروەك پارتی دیموكراتی كوردستانی دەسەڵاتداریش لە هەرێمی كوردستان، بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند و هەڕەشەی كشانەوەشی كرد لە پرۆسەی سیاسی.

حكومەت و سەركردەكانی هەرێمی كوردستان لەچەندین لێدواندا، رەخنەیان لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی گرتووەو بە نادادپەروەر ناویانهێناوە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیارەكانی دادگای بە سیاسیكراو ناوبردووە. 

بازنەی تۆمەت و رەخنەكان دژی دادگا فیدراڵی, تەنها پەیوەست نیە بە لایەنی كوردی, میشعان جبوری, ئەندامی پێشوی پەرلەمانی عێراق, لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفیزیۆنیدا وتی: عومێری هەڕەشەی لێكردووە, بەوەی لە ئەندامێتی پەرلەمانی دەخات، ئەگەر لەو هاوپەیمانیە سێقۆڵیە نەكشێتەوە كە (سەدرو بارزانی و حەلبوسی) پێكهێناوەو دەوڵەتی عێراق و سیستمی سیاسی كردووەتە ئامانج.  

لێدوانەكەی جبوری, دادگای فیدراڵی روبەڕوی لێشاوێك رەخنە كردەوە, ئەوەش دادگای ناچار كرد لە بەیاننامەیەكدا بڵێت, روبەڕوی هێرشێكی میدیایی ناوخۆی و دەرەكی بووەتەوە بۆ ئەوەی دەستبەرداری ئەركە دەستوریەكانی بێت، هەڕەشەی گرتنەبەری رێوشوێنە یاساییەكانیشی كردووە, بۆ روبەڕوبونەوەی ئەو هەڵمەتەو شكستپێهێنانی. 

لای خۆیەوە، چوارچێوەی هەمانگی، بەرگری لە دادگای فیدراڵی كردوەو داوای لە هێزە سیاسیەكان كردوە پابەندبن بە بڕیارەكانی.

جەختیشكردووە لەوەی، پابەندن بە تەواوی بڕیارەكانی پێشوی دادگای باڵای فیدراڵی، سەرەڕای ئەوەی هەندێكیان لەبەرژەوەندیشی نیە.

ڕاپۆرتی رۆژنامەی "العربي الجدید"


ڕیکلام