بافڵ جەلال تاڵەبانی: پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دووپاتدەکەینەوە

  2024-03-22  | 
دۆسیە:  کوردستان
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، پشتیوانیی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دووپاتدەکەینەوە و هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش بەرامبەر دادگاکەرەتدەکەینەوە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.....

سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و رەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو. چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەکانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتین کە زامنی مافی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەیە لە عیراق و هەرێمی کوردستان.

لە کاتێکدا ئێمە پشتیوانی خۆمان بۆ بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و ڕۆڵی لە پاراستنی دەستوور، دادپەروەری و سیستمی دیموکراسی دووپات دەکەینەوە، هەموو ناوزڕاندن و مامەڵەیەکی خراپیش رەتدەکەینەوە بەرامبەر دادگای باڵای فیدراڵی، کە دادگایەکی سەربەخۆ و پیشەییە کە بەشداری کارایە لە پاراستنی سیستمی سیاسی لە عیراقدا و پاراستنی سەربەخۆیی ئەوەش لەقوڵایی ئەرکە دەستووریی و نیشتمانییەکانە.

دەسەڵاتی دادوەری عیراقی بە سەربەخۆییەکەی ناسراوە و رێزگرتن لەوسەربەخۆییەش رەنگدانەوەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەیە و فاکتەرێکی گرنگە کەهاوڵاتیان لەسایەیدا هەست بەسەقامگیری، ئاسایش، ئۆقرەیی و زامنی مافەکانیان دەکەن.

با پێکەوە کاربکەین بۆ بەهێزکردنی روحییەتی هانابردن و ڕێزگرتنی ڕەها بۆ یاسا، سەربەخۆیی و بێلایەنی دەسەڵاتی دادوەری جێگیر بکەین، کە سەرۆک مام جەلال رۆڵی گرنگی هەبووە لە چەسپاندنیدا لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


ڕیکلام