كەجەكە: لە دژی گەریلا پارتی بووەتە هاوبەشی پیلانی توركیا

  2020-08-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
كەجەكە رایگەیاند پارتی رۆڵی هەیە لە هێرشەكانی توركیادا و رەوایی بە هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا دەدات و دەیەوێت گەریلا و هێزەكانی عێرا روبەڕووی یەكدی بكاتەوە.

كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لەبارەی هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستانو هەڵوێستی پارتی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: پارتی دوای دەستپێكردنی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا، پەكەكە و گەریلا بە هۆكاری ئەو هێرشانە نیشان دەدات. 

ئەوەشی وتووە، پارتی بەو لێدوان و راگەیاندراوانە رەوایی بە هێرشەكانی توركیا دەدات و دوای هێرشكردنە سەر هەفتانین لەلایەن توركیاوە، زیاتر لە هەموو كاتێك ئەو قسانە دەڵێنەوە. 

كەجەكە لەبارەی لیژنە پەرلەمانیەكەوە دەڵێت "دوای هێرش بۆ سەر هەفتانین، لیژنەیەك لە پەرلەمانی باشووری كوردستان دروستكرا و ناردنیان بۆ ئەو شوێنانە هێرشیان كراوەتەسەر. ئەو لیژنەیە دوای ئەوەی لە ناوچەكە گەڕانەوە راپۆرتێكی وایان ئامادە كردبوو، كە تیادا دەڵێت ‘لەبەر ئەوەی گەریلا لەوێن، دەوڵەتی تورك هێرش دەكات، لەبەر ئەوە گوندییەكان زیانیان پێدەگات‌. بە شێوەیە خواستیان رەوایی بە هێرشەكانی دەوڵەتی تورك بدەن". 

ئەوەشی راگەیاندووە "هەوڵ دەدەن ئەوە بسەپێنن، كە هێزەكانی پێشمەرگە لەو شوێنانە جێگیر بكەن، كە شوێنی بەرخودانی گەریلایە و بەو شێوەیە رێگری لە بەرخودانی گەریلا لە دژی دەوڵەتی تورك بكەن".

لەبارەی هێرشەكەی توركیا بۆسەر گەریلاكانیان و پاسەوانی سنوری عێراق ئاماژەی بەوە كردووە كە پارتی لە 11 ئابدا یەكەیەكی پاسەوانی سنوری عێراقیان دایە پێش خۆیان و بەو شێوەیە خواستیان ئەو شوێنانەی بۆ گەریلا ستراتیژین، دەستی بەسەردا بگرن. گەریلا قەبوڵی نەكردووە و لەو كاتەدا دەوڵەتی تورك لە خنێرە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هێرشبەر یەكەكەی پاسەوانی سنوری عێراقی بۆردوومانكرد و دوو فەرماندەی ئەو یەكەیەی پاسەوانی سنوری عێراق و فەرماندەیەكی گەریلا بە ناوی عەگید گارزان شەهید كرد.

كەجەكە ئەو هەڵوێستانەی پارتی بە دابەشكردنی ئەرك زانیوە و دەشڵێت "پەدەكە بووەتە هێزێك كە هێرشە پاكتاوكارییەكانی كۆماری توركیا بۆسەر پەكەكە بە ڕەوا دەزانێت و رەوای دەكات و بووەتە بەشێك لەو كارە". 

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەشخراوەتەروو "دەوڵەتی تورك پیلانی پاكتاوكردنی پەكەكەی پێشكەش بە پەدەكە كردووە و پەدەكەش بووەتە هاوبەشی ئەو پیلانە. ئەوە روونە لە چوارچێوەی ئەو پیلانەدایە، كە هێرشەكان و پلانەكە رەوا دەكات و رەوایی پێدەدات، دەیانەوێت عێراقیش لەو پلانە پاكتاوكارییەدا بەشداری پێ بكەن" ئاماژەی بەوە كردووە توركیا و پارتی مەبەستیانە گەریلا و عێراق  روبەڕووی یەكتری بكەنەوە. 


ڕیکلام