کەرکوک.. لە ئەنجامی تەقینەوەیەک شەش کەس برینداربوون

  2020-08-23  | 
کەرکوک
تەقینەوەیەک لە کەرکوک روویدا و بەوهۆیەشەوە شەش کەس برینداربوون
فۆتۆ: سۆران عەبدولکەریم
 تۆڕی هەواڵی ژیان
تەقینەوەیەک لە خێمەیەکی مەراسیمی شیعەکاندا لە کەرکوک روویدا و بەوهۆیەوە شەش کەس برینداربوون کە برینی سێ کەسیان سەختە.

پەیامنێری تۆڕی هەواڵی ژیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی٨ی٢٠٢٠، لە گەڕەکی قادسیەی شاری کەرکوک بۆمبێکی چێنراو لە ناو خێمەیەکی شیعەکاندا و لەکاتی بەڕێوەچوونی مەراسیمی حسێنی، تەقیوەتەوە و لە ئاکامدا شەش کەس برینداربوون کە برینی سێ کەسیان سەختە.

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە ئاشکرانەکراون و لێکۆلێنەوەی هێزە ئەمنییەکان لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.

ئەگەرچی تاوەکو ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام شایەتحاڵێکی رووداوەکە بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، هێرشەکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەنجامدراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە ٢٢ی٨ی٢٠٢٠،  دوو گولـلە هاوەن لە شاری خانەقین کەوتنەخوارەوە و سەرچاوەکان باسیان لەوەکرد، کە لە لایەن چەند چەکدارێکی نەناسراوەوە ئاڕاستەی شارەکە کرابوون .



ڕیکلام