راکان جبوری: بوونی پێشمەرگە لە کەرکوک لەلایەن عەرەب و تورکمانەوە رەتکراوەیە

  2020-08-25  | 
کەرکوک
راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت رایگەیاند، بوونی پێشمەرگە لە کەرکوک لەلایەن عەرەب و تورکمانەوە رەتکراوەیە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (العهد)، راکان جبوری پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت رایگەیاند، هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپای فیدراڵی عێراق،  با لە دەورووبەری کەرکوک بێت نەک ناوەندی فەرماندەیی.

ئاماژەی بەوەشکرد، بوونی پێشمەرگە لە کەرکوک کێشە دروستدەکات و تاکە هێزێک کە لە کەرکوک پێشوازی لێبکرێت هێزە فیدڕاڵییەکانە.

وتیشی، بەهانەی داعش بەس نییە بۆ ئەوەی کە پێشمەرگە بێتەوە ناو کەرکوک و پێشمەرگە بە ئەزمون سەلماندیان لە کەرکوک سەرکەوتوو نین و ئەو ناوچانەی کە پێشمەرگەیان تێدایە کردەوەی زۆری داعشی بەخۆوە بینیوە.

راکان جبوری راشیگەیاند، هەر هەوڵێک بۆ گەڕاندنەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک نایاساییە و هاوکاری ناکەین و سودی بۆمان نابێت، گەڕانەوەی پێشمەرگە کاریگەری لەسەر دەرونی کەرکوکییەکان دروست دەکات.

دەشڵێت، هێزە فیدڕاڵییەکان مامەڵەیەکی باش لەگەڵ خەڵکی کەرکوکدا دەکەن، کەرکوک ئارامە و نامانەوێت هەڵەکانی بەر لە ٢٠١٧ دووبارە ببنەوە.

لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵی (العهد)، پارێزگاری کەرکوک بەوەکالەت رایگەیاند، کورد داوا دەکەن پێشمەرگە بێتەناو کەرکوک، بەڵام رێگری دەکەن هێزی فیدڕاڵ بڕواتە هەرێم.

وتیشی، هیچ هەوڵێک بۆ لەنابردنی رۆڵی کورد یاخود راگواستنیان لە کەرکوک لە ئارادا نییە، داواشمانکردووە هەماهەنگی نێوان پێشمەرگە و هێزە فیدڕاڵییەکان لە ناوچەکانی دەورووبەری کەرکوک بێت نەک ناوەندی فەرماندەیی.

دووپاتیشیکردەوە کە پێکهاتەی کورد لە کەرکوک داوای هاتنی پێشمەرگەی نەکردووە.



ڕیکلام