لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتی نەخۆشخانەی سانتیلایف لە هەولێر پێکهێنرا

  2020-08-30  | 
هەولێر
لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە بابەتی نەخۆشخانەی سانتیلاف لە هەولێر پێکهێنرا
ئەرشیڤ
 تۆڕی هەواڵی ژیان
سەرۆکایەتی دیوانی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بۆ بەدواداچوون لە بابەتی نەخۆشخانەی سانتیلایف لە هەولێر پێکهێنا.

سەرۆکایەتی دیوانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی دەست تۆڕی هەواڵی ژیان کەوتووە، ڕایگەیاندووە، بڕیارماندا بە پێکهێنانی لیژنەیەک بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە بابەتی پەیوەندیدار بە نەخۆشخانەی سانتیلاف بە سەرۆکایەتی د.محەمەد شەهاب محەمەد ئەمین.

ئەم بڕیارەی سەرۆکایەتی دیوانی هەرێم دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ عەلی حەمە ساڵح سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، داواکاری گشتی هەنگاوەکانی دەستیپێکردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو نەخۆشخانە حکومییەی کە بە ٤٠ ملیۆن دۆلار دروستکراوە بۆ منداڵان و ژنان لە هەولێر و ئێستا کراوە بە نەخۆشخانەیەکی ئەهلی.

عەلی حەمە ساڵح  لە پەیجی تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نوسیویەتی، "دوای ئەوەی زانیاریمان بەدەست گەیشت کە نەخۆشخانەیەکی مۆدێرن لەلایەن کۆمپانیایەکی نەوتییەوە دروستکراوە بۆ ژنان و منداڵانی کوردستان، لەگەڵ ھاوڕێکانم بە ھەردوو ئاراستەی کاری پەرلەمانی و دادگا کارمان لەسەر کردووە و بەڵگەی پێویست خراوەتەڕوو ".

ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆسیەکە ڕەوانەی سەرۆکایەتی حکومەت کراوە بۆ ئەوەی لە زووترین کاتدا بڕیاری لێبدات بە وەرگرتنەوەی نەخۆشخانەکە .

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ڕاشیگەیاند، لەلایەن داواکاری گشتییەوە ئاگادارکراونەتەوە کە ڕێکارە یاساییەکان لەسەر دۆسیەکە دەستیپێکردووە.



ڕیکلام