وتارى واکین فینیکس ئاکتەرى سەرەکى فیلمی جۆکەر لە کاتى وەرگرتنى خەڵاتى ئۆسکاردا

  2020-09-01  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
وەرگێڕانى: گۆران ڕەسوڵ

من ئێستە زۆر سوپاسگوزارم. هەست ناکەم لە سەرووی ئەو هاوڕێیانەی کە پاڵێوران یان هەر کەسێکی تر بم کە لەم هۆڵەدان، چونکە ئێمە هەموومان هەمان عەشقمان هەیە - ئەویش عەشقە بۆ فیلم. هەروەها ئەم شێوازی گوزارشتکردنە [لە ڕێگەی سینەماوە] ژیانێکی ناوازەی بە من بەخشیوە. نازانم بەبێ ئەمە ئێستا من لە کوێ دەبووم.

 بەڵام بڕوام وایە گرنگترین دیاری کە ئەو هونەرە بە من و بە زۆر خەڵکیکی تریش [کە لەناو ئەم بوارەدان]، بەخشیووە، ئەوەیە کە هەلی ئەوەی بۆ ڕەخساندووین ببین بە دەنگی بێدەنگەکان. بیر لە هەندێک لەو نیگەرانیی و پەرێشانیانە دەکەمەوە کە ئێمە پێکەوە تووشی بووین.

لەو کاتەی کە هەست دەکەین، یان شتێک وامان لێ دەکات هەست بکەین، کە ئێمە هەریەکەمان بۆ هۆکارێکی جیاواز دەجەنگین. بەڵام من وای دەبینیم کە هاوبەشیمان هەیە. بیردەکەمەوە، چ ئەو کاتەی باسی جیاکاریی ڕەگەزیی دەکەین، یان باسی ڕەگەزپەرستیی یان مافی هاوڕەگەزیی یان مافی نەتەوە ڕەسەنەکان یان مافی ئاژەڵان دەکەین، ئێمە دەربارەی جەنگ دژی نادادپەروەریی قسە دەکەین.

دەربارەی جەنگێک قسە دەکەین کە پێی وایە یەک نەتەوە، یەک گەل، یەک نەژاد، یەک ڕەگەز، یان یەک جۆر مافی ئەوەی هەیە دەست بەسەر ئەوانی تردا بگرێت و بە دووریش بێت لە لێپرسینەوە. 

ئێمە لەگەڵ سروشتدا تەواو لێک دابڕاوین، زۆرێک لە ئێمە تاوانبارە، چونکە پێی وایە مرۆڤ دەبێت باڵادەست بێت و خۆی پێ چەقی گەردوون. ئێمە دەچینە ناو سروشت و بە ئارەزووی خۆمان سەرچاوەکانی بەکاردەهێنین و تالانی دەکەین. پێمان وایە مافی خۆمانە مانگایەک بە شێوەیەکی دەسکرد دووگیان بکەین و دواتر منداڵەکەی لێ بدزین و تەنانەت گوێ لە هاوار و ئازارەکەی نەگرین. دەاتر ئەو شیرەی کە دەبوو بۆ بێچوەکەی بێت، ئێمە بیکەینە قاوە و سیرەڵەکانمانەوە.

ئێمە لەو ئایدیایانە دەترسین کە ژیانمان دەگۆڕێت، چونکە وا دەزانین دەبێ قوربانی بدەین، یان دەبێ دەستبەرداریی شتێک بین. بەڵام مرۆڤایەتی ئێستا لە باشترین حاڵەتی داهێنان و نوێگەریدایە، ئێمە دەتوانین سیستمێک دابمەزرێنین و پەرەپێبدەین کە بەسوود بێت بۆ ئەوانەی بە ئاگان و بۆ ژینگەیش.

من بە درێژایی ژیانم کەسێکی خراپ بووم، خۆپەرست بووم، دڵڕەق بووم، بەڵام زۆرێک لە ئێوە دووبارە هەلی دیکەتان پێ دامەوە، بڕوام وایە ئەمە باشترینی ئێمەیە: کاتێک پشتی یەکتر دەگرین، نەک لەبەر هەڵەکانی ڕابردوو یەکتر بسڕینەوە، بەڵکو کاتێک یارمەتیی یەکتر دەدەین بۆ بەرەوپێشچوون. کاتێک یەکتر فێر دەکەین کاتێک ڕێنوینی یەکتر دەکەین بۆ ڕزگاربوون.

‏‎براکەم [ڕیڤەر] کاتێک تەمەنی حەڤدە ساڵان بوو، ئەم دێڕەی نووسی: "بە خۆشەویستییەوە بەرەو ڕزگاری ڕابکە، ئاشتی بە دوای دادێت."


ڕیکلام