باوکی لاڤان: لەبەردەم بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر وتیان دەتکوژین پاشگەز نەبیتەوە

  2020-09-05  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
باوکی لاڤان کچەکە حەوت ساڵانەکەی هەولێر کە دەستدرێژی کراوەتە سەر و دادگا تۆمەتبارەکانی ئازادکرد، بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی وت لەبەردەم بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەولێر پیان وتوم دەتکوژین ئەگەر سکاڵاکەت نەکشێنیتەوە.

باوکی لاڤان وتی جارێکیان کاتژمێر سێی شەو بە چەکەوە هێرشیان کردە بۆ ئەوەی لە سکاڵاکە پاشگەزببمەوە بەڵام ڕازی نەبووم.

لوقمان ئیسماعیل باوکی لاڤان ڕاشیگەیاند، پاش ساڵ ونیوێک چاوەڕوانی، دەستڕۆیشتووەکان شایتەکانیان پاشگەزکردەوە و پشکنینە پزیشکیەکانیان دەستکاری کرد و تۆمەتبارەکانیان ئازادکرد.

وتیشی هەڕەشەی کوشتنیان لەهەموان کرد و بەڵگەکانیان دەستکاری کرد و وایانکرد داداگا بڕیاری ئازادکردنی تۆمەتبارەکان بدات.

ئاشکراشیکرد من بەهۆی ئەوەی پێشمەرگەی دێرینی یەکێتیم بۆیە غەدرم لێکرا و داوا دەکەم سەرکردایەتی یەکێتی لەسەر دۆسیەکەم بێنە دەنگ.

باوکی لاڤان ئاماژەی بەوەشکرد کەسوکاری تۆمەتبارەکان کەسانی سەربازین و دەستیان دەڕوات،بەڵام ئەو هەرگیز لە مافی خۆی خۆشنابێت و واز ناهێنێت.

لوقمان ئیسماعیل ڕاشیگەیاند چەندین شایەت هەیە کە کچەکەم دەستدرێژی کراوەتە سەر و هەر ئەو کچەی منیش نیە بەڵکو وایان لە کچی دیکەش کردوە.

وتیشی کچەکەم سەرەتا لە ترسی زڕ دایکەکەی دەیوت منداڵێک وای لێکردوە بەڵام دواتر کە لە زڕ دایکەکەم دورخستەوە وتی ئەو کەسانە وایان لێکردوم و ناوەکانیشی وت.

باوکی لاڤان ڕەتیکردوە کێشەکە بە (سوڵحی عەشایەری) چارەسەربکات و وتی پیان وتم بیست دەفتەر دۆلارت دەدەینێ وازبهێنم، بەڵام من لەبەر ئەوەی دۆسیەکە تاوانە و قەزا و قەدەر نیە بۆیە ڕازی نابم.

ئەوە لەکاتێکدایە هەفتەی ڕابردوو دادگای هەولێر بە بیانوی نەبونی بەڵگە سەرجەم تۆمەتبارانی دۆسیەی دەستدرێژی کردنە سەر کچە حەوت ساڵانە کەی هەولێری ئازادکرد.


ڕیکلام