پارێزگاری هەولێر: پلانمان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ لە 70%ی کێشەی کارەبا چارەسەر بکەین

  2020-09-05  | 
هەولێر
فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر سەردانی گەڕەکی دارەتووی هەولێری کرد
فۆتۆ: ئەیوب ساڵح
 تۆڕی هەواڵی ژیان
پاریزگاری هەولێر رایگەیاند، پلانیان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ لە٧٠٪ی کێشەی کارەبا لە هەولێر چارەسەر بکەن.

لەمیانی سەردانێکی بۆ گەڕەکی دارەتووی هەولێر، فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، " لەئێستادا چەندین پڕۆژەی ستراتیژی گەورەی کارەبا کاریان تیایدا دەکرێت و بەتەواوبوونیان تا مانگی ١٢ی ئەمساڵ، لەسەدا ٦٠ بۆ ٧٠ کێشەی کارەبا لە هەولێر چارەسەر دەکرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا و لەسەر ئەرکی پارێزگای هەولێر، دەست بە قیرتاوکردنی جادەی جوتسایدی گەڕەکی دارەتووی هەولێر دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، دوای رەزامەندی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەند رۆژی داهاتوودا دەست بە نۆژنکردنەوەی رێگای دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی هۆمەران دەکرێت.

پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێم سەردانی رێگای گۆپاڵیان کردووە، کە بە وتەی ناوبراو یەکێکە لە ئۆتۆبانە گەورەکان و هەولێر و دهۆک بە یەکەوە دەبەستێتەوە و لە کۆتایی ئەمساڵدا تەواو دەبێت.



ڕیکلام