سەفین دزەیی: سەردانەكەی بارزانی بۆ توركیا لەسەر بانگهێشتی ئەردۆغان بوو

  2020-09-07  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند لە سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا لەسەر بانگهێشتی ئەردۆغان بووە و تەنها باسی پەكەكە نەكراوە بەڵكو چەند تەوەرێكی جیاواز گفتوگۆی لەبارەوە كراوە.

 
سەفین دزەیی،  لە دیدارێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاند "سەردانی نێچرڤان بارزانی بۆ توركیا یەكەم سەردانی نییە، لەڕابردووش بانگهێشتكرابوو و دیداری لەگەڵ وەزیری دەرەوە و سەرۆك كۆماری توركیا هەبووە.

ئەو راشیگەیاند ئەمجارە بارزانی لەلایەن سەرۆك كۆماری توركیاوە بانگهێشتكرابوو "باوەڕ ناكەم نە فەڕەنسا و نەوڵاتێكی تر چاوەڕوانی ئەوە بكات ئەگەر كێشەیەك لەنێوان فەڕەنسا و توركیا هەبێت، هەرێمی كوردستان یەكێكیان هەڵبژێرێت".

دزەیی وتی ڕاگرتنی هاوسەنگی و باڵانسی سیاسی بۆ هەرێمی كوردستان لەگەڵ دراوسێكان شتێكی پێویستە، باوەڕ ناكەم نە فەڕەنسا و نەوڵاتێكی تر چاوەڕوانی ئەوە بكات ئەگەر كێشەیەك لەنێوان فەڕەنسا و توركیا هەبێت، هەرێمی كوردستان یەكێكیان هەڵبژێرێت.

ئەو ئاماژە بەوە دەكات نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەریمی كوردستان بەشداری كۆبونەوەكانی بەغداشی كردووە "بۆ بەشداریكردانی هەردوو جێگری سەرۆكی هەرێم كە لە یەكێتی و گۆڕان-دان پێویست بوو كە بوونیان هەبێت بەڵام لە ئاستی دیدارە نێودەوڵەتیەكان عورفێك یاخود یاسایەك و ڕێنماییەك نەبووە كە ئەو هاوسەنگیە هەبێت".

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە دزەیی ئاشكرای دەكات كۆمەڵێك تەوەر باسكراوە كە بابەتی سەرەكی كۆرۆنا بووە كە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بە پێشكەشكردنی هاوكاری تەندروستی. ئەو راشیگەیاند تەوەری دووەم كە باسی لێوەكراوە گفتوگۆ بووە لەبارەی "ناوچە سنورییەكان و هەبوونی پەكەكە و ئەو ئۆپراسیۆنانەی ئەو دواییە بووە هەروەها ناوچەی شەنگال و بوونی هەندێك هێزی سەر بە پەكەكە".

كۆبوونەوەكە باس لە "پەیوەندی هەرێم و بەغدا و چارەسەركردنی كێشەكان و سەردانی (ماكرۆن) و سەرهەڵدانەوەی داعش هەروەها لایەنی ئابوری و فراوانكردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و فراوانكردنی سنوری ئیبراهیم خەلیل و خابو"یش كراوە. 


ڕیکلام