پەکەکە هەلیکۆپتەرێکی سوپای تورکیای خستەخوارەوە

  2020-08-17  | 
سوڕانەوەی هەلیکۆپتەرێکی جەنگی سوپای تورکیا لە مەیدانەی شەڕەکان
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە بڵاویکردەوە، لەچوارچەلای هەرێمی زاگرۆس هەلیکۆپتەرێکی سوپای تورکیایان خستووەتە خوارەوە.

لەڕاگەیەندراوێکدا هەپەگە باڵی سەربازی پەکەکە ئەمڕۆ بڵاویکردەوە "ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە کاتژمێر ١٠:٠٠ی بەیانی، لە مەیدانی چوارچەلای هەرێمی زاگروس، هێلیکۆپتەرێکی سوپای داگیرکەری تورکیان کە لە گردی چوارچەلا دەگەڕایەوە کردە ئامانج، هێلیکۆپتەرەکە گورزی قورسی بەرکەوت و بەپێی زانیارییەکان زۆر دوور نەکەوتووەتەوە و کەوتووەتە خوارەوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لەو ناوچەیە هەلیکۆپتەرێکی دیکەش کراوەتە ئامانج و بەناچاری ڕووی لە گەڤەر و جولەمێرگ کردووە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ناسنامەی گەریلایەکی ژنی ئاشکرا کردووە، کە لە٢٣ مانگی ڕابردوو لە هەفتانین شەهید بووە.

گەریلاکە ناوی "ڕۆژبین ڤارلی"یە و لەدایکبوونی شاری ئامەدی باکوری کوردستانە.

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە سوپا ی تورکیا بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە، هێرشێکی بەرفراوانی بۆسنورەکانی عێراق دەستپێکردووە، لە هەندێک ناوچەی پارێزگای دهۆک زیاتر لە ١٠ کیلۆمەتر هاتووە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، لەو کاتەوەش شەڕ بەسەختی لەنێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە بەڕێوەدەچێت.

تا هێشتا هێرشەکان بووەتە هۆی شەهیدبوونی ژمارەیەک هاوڵاتی و دوو ئەفسەری باڵای کوردی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق، زیانی مادی زۆریش بەر ڕەزو  باخی هاوڵاتیان کەوتووە و دانیشتوانی دەیان گوندیش لەترسی هێرشەکانی سوپای تورکیا ماڵوحاڵی خۆیان جێهێشتووە.



ڕیکلام