كێشە بۆ بودجەی مانگی یەكەمی ساڵی داهاتووی عێراق دروست دەبێت

  2020-11-23  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ئەندامێكی لیژنەی دارایی عێراق رایگەیاند بەهۆی درەنگ كەوتنی ناردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 بۆ پەرلەمان كێشە بۆ بودجەی مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو دروست ببێت


ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیاروایە لە دوو هەفتەی ئایندەدا پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی عێراق بگاتە پەرلەمان و هۆشداریش دەدات لەوەی كە بودجەی مانگی یەكەمی ساڵی داهاتووش بەو هۆیەوە كێشەی بۆ دروست دەبێت. 

ئەو پەرلەمانتارە لە پەڕەی خۆی لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان راشیگەیاند "بەپێی یاسای ئیدارەی مالی حكومەت دەبێت لە ناوەڕاستی مانگی 10دا ئەو پرۆژە یاسایە بنێرێت پەرلەمان".

ئەو پێشبینیشی كردووە لیژنەی دارایی "یاسای تەرخانكردنی پارە بۆ هەڵبژاردنەكان رەد بكاتەوە بۆ دروستكردنی فشار بۆ سەر حكومەت بۆ ئەوەی لەیاسای بوجەی 2021 دابنرێت ئەوەش بەمەستی ناردنی بەپەلەی پرۆژە یاسای بوجەی2021" دەبێت.
 
ئەندامەكەی لیژنەی دارایی ئەوەشی روونكردووەتەوە " دواكەوتنی پرۆژە یاساكە بۆ مانگی 12 و پێویستی لیژنەی دارایی بە نزیكەی (یەك) مانگ وا دەكات پرۆژەكە نەبێتە یاسا لەسەرەتای ساڵی 2021 بۆیە موچەی مانگی یەكەمی عێراق گرفتی بۆ دروست دەبێت". 

ئەحمەد حاجی رەشید ئاشكراشیكردووە حكومەت ڕاست ناكات لەوەی كە دەڵێت پارەی نییە، ئەوەشی ئاشكرا كردووە "پرۆژە یاسای بوجەی 2021  زیاتر لە 30 ترلیۆن دینار قەرزی تێدایە كە كورتهێنانی پێپڕكراوەتەوە".


ڕیکلام