مەسروور بارزانی، گرفتی بەڕێوەبردن و کۆسپی سەر رێگەی رێککەوتن.
23/06/2026
|
578 جار خوێندراوەتەوە
بەشێوەیەکی سەرپێیی بە کابینەکانی رابردوو چوومەوە، کە چەند دانەیەکی هی سەردەمی شەڕی ناوخۆن، یەک دووانێکیشی هی سەردەمی یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەن، لە هیچ سەردەمێک هیچ سەرۆک وەزیرانێک بەم جۆرەی مەسروور بارزانی رۆڵی لە قوڵکردنەوەی ناکۆکییەکان نەبووە، ئەوانی دی کەم تا زۆر هەوڵیان داوە وەک پیاوی دەوڵەت رۆڵ بگێڕن و، بۆ سەرکەوتنی خۆیان و کورد کاریان بۆ تەبایی و هاوکاری لە نێو حزبەکان کردووە و، کێشەیش بۆ حزبەکان هاتبێتە پێش وەک حکومەت ھەوڵیان داوە؛ لایەنی کەم تەڕەفگیر نەبن و نەبنە بەشێک لە ململانێیەکان. کابینەکانی دوای یەکگرتنەوەی ھەردوو ئیدارەکە، کە نێچیرڤان بارزانی بەو ئەرکە ھەستا، رۆڵی پیاوی دەوڵەتی بینی لە کاڵکردنەوەی سنوورەکانی نێوان ھەردوو جووگرافیا، گەرچی نەشیتوانی بە یەکجاری ھەرێم یەکبخاتەوە و کۆسپەکانی بەردەمی تێپەڕێنێ کە بەشە زۆرەکەی حزبەکەی خۆی بۆی دروست ئەکرد، وەلێ کەس لە حزبەکان ھەستیارییان بەرامبەر کابینەکەی نەبووە و زیاتر لە حزبەکەی خۆی پشتیوانی کابینەکەی بوون، ئەمەیش وەک دەسکەوت بۆ نێچیرڤان بارزانی ھەژمار دەکرێت.
کاتێک کابینەی نۆ بە دروشمی کوردستانێکی بەھێز بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی دروست کرا، ئەو کات وتارێکم لە ژێر ناونیشانی (ترسم لە دروشمی کوردستانێکی بەھێز ھەیە) نووسی، ترسەکەیشم ھاتەدی، چونکە سنوورەکان تۆخ کرانەوە، شارچێتی گەورە کرا، لە ژێر ناوی چاکسازی گەندەڵی و قۆرخکاری بازار فراوانتر کرا، پەیوەندی و ھاوکاریی حزبەکان چ ئەوانەی لە حکومەت بوون چ ئەوانەی لە دەرەوەی حکومەت بوون بە دەست و مەبەست تێکدرا.. بە جۆرێک، بە پارە و سامانی ھەرێم، بە کڕینی ئەم و ئەوی ناو حزبەکان کار بۆ تێکدانی یەکێتیی ناو حزبەکان دەکرا و کردیشیان. ھەر وەک ھێمن ھەورامی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا وتی: "لە ھەموو شوێنێک چۆلەگە”جاسووس”مان ھەیە".
کابینەکەی مەسروور بارزانی لە مێژووی حکومڕانیی کوردیی ئەم ھەرێمەدا تاقانەیە و، بە ئێستایشەوە نەک بووە بە بەشێک لە گرفت و کێشەکان، بەڵکو خوودی کابینەکە و سەرۆکەکەی کڕۆکی کێشەکانن! ئەم تێگەیشتنەی کوێخای یەکەمی وڵات بۆ حزبەکەی خۆیشی بێ بەڵا نەبووە، ھەناسەی لەبەر زۆرێک لەو دەنگانە بڕی کە شتێکیان بۆ وڵات و حزب پێ بووە. ئەوجا دامەزراوەکانی تری وڵات لەسەر دەستی ناوبراو بە جۆرێک بێ بەھا کران، ھەر لە پەرلەمان و دامەزراوەی دادوەری و سەربازی و ئەمنی کە دۆستەکانی کوردیشی بۆ ھێنایە گریان، ھاواری قونسوڵی پێشووی ئەمەریکا و خاتوونە جوانەکەی ھۆڵەندا دوو نموونەی بەسن کە “برا گەورە”چەند بە خواری ئەم ھەرێمەی بەرێوەبردووە.
خوڵاسە.. لە سەردەمی بەڕێوەبردنی مەسروور بارزانی، نەک کوردێک، یەک پارتیی ئاقڵیش نادۆزیتەوە رووی ھەبێت داکۆکی لەو جۆرە بەڕێوەبردنە بکات.
|