بە کارتی نیشتمانی دەنگ بدەن. فرۆشتنی کارتی دەنگدان تەواو بوو!

هاوڕێ تۆفیق

شارەزای یاسایی
  27/08/2026  |    509 جار خوێندراوەتەوە

 بریاری هاوبەشی نێوان کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان و وەزارەتی ناوخۆ بەسەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرچوو. بە پابەندکردنی وەزارەتی ناوخۆ بە پێدانی بنکەی زانیاری ( قائیدەی بەیانات) ی کارتی نیشتمانی  بۆ کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان ، هەتاوەکو لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو،  لە بری کارتی بایۆمەتری دەنگدانی کۆمیسۆنی ھەڵبژاردنەکان،  بە کارتی نیشتمانی دەنگ بدەن. ئەم بریارە گۆرانکارییەکی هونەری گرنگی پرۆسەی هەڵبژاردنە. کە ئەتوانین لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا چڕی بکەینەوە: 

١: هەموو هاوڵاتیەک کارتی بایۆمتری دەنگدانی کۆمیسۆنی دەرنەهێناوە، لە (٣٠) ملیۆن ھاوڵاتی کە مافی دەنگدانیان هەبوو ، تەنھا(٢٠) ملیۆن ھاوڵاتی کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان دەرھێناوە. بەو ھۆیەوە(١٠) ملیۆن ھاوڵاتی لەگەڵ ئەوەی مافی دەنگدانیان ھەبوو، بەڵام چونکە کارتی دەنگدانی بایۆمەتری کۆمیسۆنیان دەرنەھێنابوو، لە مافی دەنگدان بێ بەش بوون! بەڵام ئاشکرایە کە ھەموو ھاوڵاتیەک، تەنانەت مناڵێکی ساوای تازە لە دایک بوو ، کارتی نیشتمانی ھەیە. 

٢: بازرگانی کرین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان کۆتایی پێ دێت، لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوو بەھۆی جۆراو جۆر ھاوڵاتی کارتی دەنگدانەکەی دەفرۆشت. بەڵام ئاشکرایە کە ھیچ کەسێک ئامادەنیە کارتی نیشتمانی خۆی بفرۆشێت، چونکە بەڵگەنامەیەکی گرنگەو ھەموو ئیشوکارو مامەڵەی رۆژانەیلەسەریەتی،  بەڵام کارتی دەنگدان تەنھا بۆ دەنگدانەو ھاوڵاتی ھیچ ئیشێکی تری پێی نەبوو، بۆیە ئامادەبوو بە پارە بیفرۆشێت. 

٣: پرۆسەی بەشداری ھاوڵاتیان لەدەنگدان ئاسان و کارا ئەکات.  باری سەرشانی کۆمیسۆن سوک ئەکات.  چونکە پێشوەخت ھاوڵاتیان کارتی نیشتمانیان ھەیەو چیتر پێویست ناکات کۆمیسۆن کارتی بایۆمەتری دەنگدان دەربکات.  

٤: لەروو داراییەوە سودی باشی ھەیەو پارەیەکی زۆر کە دەیان ملیۆن دۆلار بوو کە پێشوتر بۆ کارتی بایۆمەتری خەرج دەکرا، دەگەرێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.  

کۆمیسۆن دەمێکە ئەم بیرۆکەیەی ھەبوو، بەڵام بەھۆی ھونەریی لە لایەک و لەلایەکی تر وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ ھاوکاری کۆمیسۆن نەبوو بە پێدانی داتاکانی بانکی کارتی نیشتمانیی. بەو بیانوەی کە مەسەلەیەکی گرنگی ئاسایشی نیشتمانی و مافی پارێزراوی ھاوڵاتیانە.  بەم ھەنگاوە پرۆسەی ھەڵبژاردن قۆناغێکی پێشکەوتووی بری و رۆڵی باشی ئەبێت لە چەسپاندنی دادپەروەری ھەڵبژاردن و بەشداری زیاتری ھاوڵاتیان لە ھەڵبژاردن.  لەلایەن کۆمیسۆنەوە ھەوڵ و کۆششی ھونەری و کارگێری پێویستە بۆ جێبەجێکردنی.

زیاتر