موچە چی لێ دێت و چۆن خەرج دەکرێت ؟

هاوڕێ تۆفیق

شارەزای یاسایی
  24/02/2024  |    3228 جار خوێندراوەتەوە

پاش خوێندنەوەی بریارەکانی دادگای فیدراڵی ،بێنەو بەرەو هەڵایەکی گەورە دروستبون ، هەر کەس و لایەنێک بەگوێرەی ئاوازی خۆی، لێکدانەوەی بۆ بڕیارەکانی دادگا کرد، خەڵکی کوردستان مافی خۆیەتی کە راستی و دروستی بریارەکان وەکو خۆی بەو شێوەیەی کە دەرچون بۆی بگوازرێتەوە. هەوڵئەدەین بریارەکان دیاری بکەین و  شیتەڵێکی روون و ئاشکرا بە زمانێکی سادەو شیرینی کوردی بۆ بکەین .

دۆسیەی موچە:
- [ ] ئەم داوایە لەلایەن سێ هاوڵاتی کوردستانەوە لە دادگا تۆمارکراوە ،کەھیچ پێگەیەکی حزبی و حکومیی فەرمییان نەبوو.

پاش چەندین دانیشتنی دادبینی دادگا ،  پارێزەری ئەو سێ هاوڵاتیە یاداشتی بەرگری خۆی پێشکەشکردو لە هەموو دانیشتنەکان بەرگری کرد، بەھەمان شێوە نوێنەری یاسایی سەرۆکی حکومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان ،داوالێکراو بوون و دادگا وەکو لایەنی( خسومە) لەناو پرۆسەی دادبینیەکەدا داوای کردبوون .

ئەم ھاوڵاتیانە داوایان دەکرد ،کە دادگا بریاری فەرمانی وەلائی بۆ خەرجکردنی موچەی مانگەکانی( ئاب و تەموزی ٢٠٢٣ ) دەربکات و لە ھەمانکاتدا داوایان دەرکرد، کە داوای نێوان ھەردوو سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و ھەرێم یەکلایی بکرێتەو بەکەبەھۆیانەوە نەتوانراوە یاسای بودجە وەکو خۆی جێبەجێبکرێ .بۆ تێگەیشتنی گشتی پێویستە بپرسین، ئەمری وەلائی چیە؟ دەستەواژەی ئەمری وەلائی ،ڕێوشوێنێکی دادوەری گورجوگۆڵە،  داوەر وەکو فەرمانێک دەریدەکات ، کاتێک کە دوو لایەن لە کێشەیەکدا ئەبن ، سروشتی کێشەکەو ناکۆکیەکانیان رەھەندی بەپەلەی ھەیە، ناکرێ چاوەروان بن ھەتاوەکو دەرکردنی بڕیاری کۆتایی کە پێویستی بە کاتی زۆر ھەیەو  بەو ھۆیەوە زیان بە مافیان دەگات،  ئەم فەرمانە راگرتنی کاتیە بۆ کارکردن بە مادەی قانونێک  ، ئەمەش ھەتاوەکو ئەو کاتەی کە دادگا بڕیاری خۆی لەسەر بابەتەکە دەردەکات، لەڕاستیدا لەرووی زمانەواییەوە ، ئەو زاراوەیە لە زمانی عەرەبیدا کۆنەو بە گوێرەی فەرھەنگی عەرەبی لە (وەلی، یان والیەوە) ھاتوە. 

بەو مانایەی فەرمانی کاربەدەستە ، فەرمانی دەسەڵاتدارە ،ئەگەر بمانەوێت بە زمانی کوردی وەرگێڕانی بۆ بکەین، ئەوا  نزیکە لە  دەستەواژەی (فەرمانشکۆی دادوەر) کە باوەڕم وایە پڕاوپڕی دەستەواژەکەیە ،بە تایبەتی کە لە زمانی ئینگلیزی دەستەواژەی.             

  ( State Order, Judical Order) ی بۆ بەکاردێت.  لەسەر ئەم داوایە دادگا بڕیاری کۆتایی و بنەبڕی خۆی دەرکرد ،کە شایەنی پیاچونەوەو رەخنەلێگرتن و تانەلێدان نیە. بەرلەوەی باسی ناوەرۆکی بڕیارەکانی دادگا بکەین، پێویستە لەسەر بابەتێکی گرنگ قسە بکەین،  ئەویش دادگا کاتێک بریارەکانی بەشێوەی نوسراو دەردەکات، کاغەزی بریارەکە دوور درێژەو لەدوو برگە پێکھاتوە، ئەوانیش؛

- [ ] یەکەم: وردەکاری بریار، کە بە زمانی عەرەبی، پێی دەڵێن( حیپیات القرار) بە زمانی شیرینی کوردی باوەڕمان وایە دەستەواژەی( تانوپۆی بڕیار) پڕاو پڕە بۆی. ئەم بەشەی کاغەزی بڕیاری دادگا، وردەکاری داوای داواکاری تیادا خراوەتە روو، پوختەی وتەکانیان و داواکانیان نوسراوە ،بەھەمان شێوە پوختەی وتەکانی لایەنی داوالێکراوی تیا نوسراوە ، جەوھەری بەرگرینامەی داواکاری تیانوسراوە ، پاشان دادگا روانینی خۆی بۆ بابەتەکان خستۆتە روو ، شیتەڵی بابەت و تەوەرەکانی بەپشتبەستن بەدەستورو یاسا کارپێکراوەکان کردوە ،ئەمەش وەکو کەرەسەیەک  بۆ تێگەیشتن و ھەڵھێنجانی بریار.ئەتوانین بڵێین تانوپۆی بڕیار،دەسپێکە بۆ گەڵاکردنی دەرچواندنی بریار ،
- [ ] بڕیاری دادگا: کە بە زمانی عەرەبی، پێی دەڵێن ( قرار الحکم) بەشە گرنگ و چارەنوس سازەکەیە، کە رەھەندی جێبەجێکاری بۆ ھەموو لایەنەکان و دەسەڵاتەکانی دەوڵەت ھەیە و پێویستە لەسەر ھەموو لایەک کە پێوەی پابەند بن و وەکو خۆی جێبەجێی بکەن.

ئەو دوو خاڵەی سەرەوە، بۆ ئەوەبوو  ھەتاوەکو بە شێوەیەکی باش لە مەسەلەکە تێبگەین ، خۆی لە راستیدا ،ئەو  دوو خاڵە ڕێبەری رووناکردنەوەن  بۆ تێگەیشتن لە بڕیارەکانی دادگا. چونکە لە عێراق دوو بۆچونی جیاواز لەسەر ئەم بابەتە ھەیە ،
بۆچوونی یەکەم:
تەنھا کار بە ئەو بەشەی بریاری دادگا دەکرێ ،کە پێی دەڵێن؛ بریاری داگا( قرار الحکم) و بەشی یەکەم کە تانوپۆی بریارە( حیپیات القرار) ئەوا تەنھا بۆ بەرچاو روونیە و نرخی قانونی نیە و کاری پێ ناکرێ.
بۆچوونی دووەم:
بریاری دادگا، بەش بەش ناکرێت و تانوپۆی بریار ( حیپیات القرار) ھاوشێوەی بەشی بریاری دادگا (قرار الحکم) ھێزی قانونی ھەیە و لە یەکتری جیاناکرێتەوە.

ئەمە بابەتەمان بۆیە باسکرد و خۆمان کرد بە جادەیەکی لاوەکیدا و لە جادە سەرەکیەکەی باسەکەمان لاماندا. چونکە ئەم مەسەلەیە زۆر گرنگو چارەنوسسازە! بۆ نمونە ئەگەر تەنھا بەشی دووەم لە بریاری دادگا( قرار الحکم ) کاری پیبکرێ ، ئەوا دەقی بریاری موچە ناکۆکە لەگەڵ رووحی دەستور و یەکناگرێتەوە لەگەڵ سیستەمی فیدراڵی و رەچاوی پێگەی قەوارەی ھەرێمی کوردستانی نەکردوەو بگرە کۆڵەیەکی سەرەکی مافی دەستوریی ھەرێمەکان کە (مافی پیادەکردنی سیاسەتی دارایی وکارگێرییە ) شکاندوە، بەپێچەوانەوە ئەگەر کار بە بۆچونی دووەم بکرێ و بریارەکە ھەردوو بەشەکە بگرێتەوە، ئەوا لە تانوپۆی بڕیار( حیپیات القرار) لەم بەشەدا ، زۆر بە روونیی و ئاشکرایی پێگەی دەستوریی ھەرێم پارێزراوە ،گەلی کوردستان لەروانگەی دەستورییەوە رێزلێگیراوە.

رای دادگای فیدراڵی؛
دادگا دەڵێن؛ کار بەھەردوو بەشە دەکرێت و بەھیچ شێوەیەک لە یەکتری جیاناکرێنەوە، بەڵام ئەم رایە پێویستی بە بریارێکی شیکردنەوە ھەیە( قرار التفسیری) کە دادگاکە دەبێت دەریبکات ،ئەویش لەسەر داوای بەڕێز سەرۆک کۆمار ، یان سەرۆک وەزیران ، یان سەرۆک پەرلەمان دەبێت ،ھەتاوەکو کۆتایی بەم ڕاو و لێکدانەوە جیاوازانە بھێنرێت. چونکە ھەتاوەکو ئێستا وەزارەتەکان و حکومەتی فیدراڵ تەنھا کار بەشی بریاری دادگا(قرار الحکم) دەکەن و بەشی یەکەمی بریارەکە فەرامۆش دەکەن.

دەگەڕێینەوە سەر خاڵەکانی بڕیاری دادگا لەسەر موچە، دادگا بریارەکانی بە چوار برگە دەرکرد کە ئەمانەن:

١: پابەندکردنی ھەردوو سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و ھەرێم بە تەوتینکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەرانی ھەرێم لە( سەرجەم وەزارەتەکان و دەستەکان و پارێزگاکان و سودمەندانی ھاوکاری تۆڕی کۆمەڵایەتی و خانەنشینان و سەرجەم موچەخۆرانی حکومی)  لە یەکێک لە بانکە حکومیەکانی فیدراڵ لەدەرەوەی ھەرێم پرۆسەی تەوتین جێبەجێ بکەن، ئەو برە پارەیەش لە پشکی ھەرێم کە لە قانونی بودجەدا بۆی دیاریکراوە دابشکێنرێت ، ئەم رێوشوێنەش بەبێ گەڕانەوە بۆ نوێنەرایەتی ھەرێم و  
 راستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدراڵ رێکارەکان جێبەجێ بکەن ، پێویستە وەزارەتی دارایی فیدراڵ ھەموو کارئاسانیەک بکات بۆ خەرجکردنی موچەو گەیاندنی بە فەرمانبەران و  دەتوانن لە رێگای یەکێک لە بانکە دانپیانراوەکانی بانکی مەرکەزی کە لە ھەرێمدا مۆڵەتدارن،  موچەی فەرمانبەران خەرج بکەن. دەبێت لیستی موچە لەلایەن ھەریەکە لە (بەرێوەبەری فەرمانگە و بەڕێوەبەری وردبینی و بەڕێوەبەری خۆیەتی) واژوو بکرێت و  بەرپرسیارێتی راست و دروستی و بری موچەو لیستەکەی بگرنە ئەستۆ .

ئەم بریارە گرنگەی سەرەوە چەند خاڵێکی گرنگی تیادایە ، سەرەتا پێویستە بپرسین (تەوتینی راتب ) چیە ، لە عێراق ھەموو وەزارەت و دەستەکان لەگەڵ بانکە حکومیی و ئەھلییەکان بە ویستی خۆیان ،لەگەڵ یەکێک لەبانکەکان رێکەوتنیان کردوە کە موچە بەشێوەی ئەلکترۆنی بخەنە سەر فیزاکارت و ئیتر وەزارەتەکان ناچن بۆ خەزێنە بە تورەکە پارە بھێن و فەرمانبەرانیش لەبەردەم لیژنەی دابەشکردنی موچەدا بەشێوەی کاش موچەکانیان وەربگرن ، بەڵکو لەرێگای فیزاکارتەوە موچەکانیام بۆ دادەبەزێت،  ئەمەش پرۆسەیەکی پێشکەوتوو و خێراو شارستانیە و بە کلیکێک موچەکانیان لەسەر فیزاکارتەکانیان دادەبەزێت.

پابەند کردنی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بە خەرجکردنی بوجەی فەرمانبەران پاش تەوتینی بودجە و کۆتایھێنان بە ناردنی پارەی قەرز بۆ ھەرێم. ئەوەی پەیوندی بە تەوتینی موچەوە ھەیە لە عێراقدا  ئەم پرۆسەیە دەیان ساڵە دەستیپێکردوە، لە ئێستادا مەحاڵە بە چەند مانگێک ملیۆنێک موچە خۆری ھەرێم ،فیزاکارتی بۆ دەربکەن ، ئەی کەواتە چۆن موچە دەدرێت؟ لەدەقی بریارەکادا لەبەشی دووەمدا باسی لە لقی بانکە فیدراڵیە حکومیەکان کردوە کە لەھەرێم لقیان ھەیە ،کە ئەوانیش (رافیدەین و رەشید و بانکی بازرگانی عێراقیە) .

لە ئێستادا تەنھا بانکی بازرگانی(TBI) لقیان لە شارەکانی ھەرێمدا ھەیە ، ھەرچەندە ئەوانیش لە ئێستادا توانستی مرۆیی و ژێرخانیان سنوردارە، بەڵام بەپێی نەخشەرێگای  دادگای فیدراڵی بێت ،ئیتر ھەموو فەرمانگەیەک لیستی
موچەی دەبات بۆ ئەو لقەی بانکە فیدراڵیەکە و لە قۆناغی یەکەم بەشێوەی کاش وەری دەگرێت و لەدرێژخایەندا  دەبێت بە فیزاکارت و ھاوشێوەی دەرەوەی ھەرێمی لێ دێت.

٢: پێویستە سەرجەم داودەزگاکانی ھەرێم کە لەبرگەی یەکەمدا باسکراون لە کۆتایی ھەموو مانگێکدا میزانیەی موراجەعە پێشکەشی فەرمانگەی ژمێریاری  لە وەزارتی دارایی فیدراڵ بکەن.لە کاتێکدا داوای پارەدارکردنی تر دەکەن بۆ موچەی مانگی داھاتویان ،ئەمەش ھاوشێوەی وەزارەتەکانی تری فیدراڵ دەبێت .

ئەم برگەیان رێککارێکی ھونەریی وردبینی دارایی رۆتینی ئاساییەو پەیرەوکراوە.

٣:پێویستە سەرۆکی حکومەتی ھەرێم سەرجەم داھاتی نەوتی و نا نەوتی تەسلیمی خەزێنەی حکومەتی فیدراڵ بکات.بە گوێرەی قانونی ئیدارەی دارایی دەوڵەت پێویستە ھەردوو دەزگای چاودێریی دارایی (فیدراڵ و ھەرێم )، وردبینی بڕگەکانی داھاتی بەدەستھاتووی نەوتی و نانەوتی بکەن.

٤: پابەندکردنی سەرۆک وەزیرانی ھەرێم ، کە رێگەبدات دەزگای چاودێری دارایی فیدراڵ لەگەڵ چاودێری ھەرێم پێکەوە بتوانن وردبینی بکەن بۆ ژمێرەی خەرجیەکان و لیستی موچەی فەرمانبەران و خانەنشیان و سودمەندانی تۆڕی ھاوکاری کۆمەڵایەتی.
ئەم بڕگەیەی کۆتایی ھیچ کێشەیەکی نیەو رێکارێکی تری وردبینی و دارایی رۆتینی ئاساییە و شایەنی سەرنجدان نیە.

بریارەکە لە دژی ھەرێمی کوردستانە، یان لەبەرژەوەندی ھەرێمە؟

لەم باسەدا بە باشی باسی بریاری دادگامانکرد کە لەدوو بەش پێکھاتوە ئەوانیش تانوپۆی بڕیار(حیپیات القرار) و بەشی بریاری دادگا(قرار الحکم). ئەو چوار بڕگەیەی سەرەوە تەنھا بەشی بریاری دادگا(قرار الحکم)و لە راستیدا رەچاوی سەروەری دارایی حکومەتی ھەرێمی نەکردوە، بگرە رۆڵی وەزارەتی دارایی ھەرێمی فەرامۆشکردوە  .لە راستیدا ئەمەش ناکۆکە لەگەڵ دەستور کە  سیستەمی فیدراڵی دەوڵەتی چەسپاندوە، گەڕانەوەیە بۆ سیستەمی ناوەندچێتی دەوڵەت . بەڵام ئەگەر بەوردی لەبەشی یەکەمی بریارەکە وردبینەوە ، کەپێی دەڵێن تانوپۆی بریار(حیپیات القرار) بە پێچەوانەوە زۆر بە باشی رۆڵ و پێگەی دەستوریی ھەرێم پارێزراوە و بە دەستەواژەی ئاشکراو بێ تەم ومژ باسی سەروەری ھەرێم و گەلی کوردستان کراوەو تیایدا حکومەتی فیدراڵ پابەندکراوە، کە بوجە بۆ ھەرێم دابین بکات بۆ ئەوەی بتوانێ ئەرکەکانی جێبەجێ بکات و داوا دەکات جگە لە موچە ،دەبێت بودجەی وەبەرھێنانیش بۆ ھەرێم دابینبکرێت ، ئەمەش پارێزبەندیەکی دەستوریی باشە بۆ شکۆمەندیی و پێگەی ھەرێم ، بە کورتی گرنگترین ئەو خاڵانە کە لە تانوپۆی بریار(حیپیات القرار) دەخەینەروو، چونکە رای گشتی و چاودێرەکان تەنھا چاویان لەسەر برگەی بریاری دادگابوو، کە چوار برگە بوو، بەشی یەکەمی تانوپۆی بریار(حیپیات القرار)یان فەرامۆشکردوە، لە خوارەوە گرنگترین برگەکانی دیاری دەکەین:

١: لە ناوەڕۆکی دەقی دارشتنی بریارەکەدا باسی سیستەمی فیدراڵی کراوەو ئاماژە بە قەوارەی ھەرێمی کوردستان وەکو ھەرێمێک لە چوارچێوەی سیستەمی فیدراڵیدا ھاتوە، شکۆی دەستوریی ھەرێم رێزلێگیراوە ، بەشێوەیەکی بەرز باسی شان و شەکەتی گەلی کوردستان کراوەو بە باڵای گەلی کوردا ھەڵدراوە، ھەروەھا روونکراوەتەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ پارێزگاکان و ھەرێمەکان پارەدار بکات و بودجە بۆ ھەرێم دابین بکات. بەو شێوەی کە بتوانرێ ھەرێم پێداویستیەکانی سەرشانی خۆی ھەڵبسوڕێنێت ، لەھەمان کات رەچاوی بنەمای ژمارەی دانیشتوان بکرێت.

٢: نابێت بەھۆی کێشەکانی حکومەتی فیدراڵ و ھەرێم،  فەرمانبەرانی ھەرێم لە مافی موچە بێ بەش بکرێن .دادگا دەستەواژەی نابێ (مەحروم بکرێن )ی بەکارھێناوە، زیاتر لەوەش دەڵێ؛ ئەگەر حکومەتی ھەرێم پابەندیی خۆی بەرامبەر بە حکومەتی فیدراڵ جێبەجێ نەکرد ،نابێت ئەمە بکرێتە ھۆیەک بۆ بێ بەشکردنی موچەخۆران لە موچەکانیان.

٣: دادگا پشتی بە شیتەڵی ئاینی بەستوە و ئاماژەی بە چەندین دەقی قورئانی پیرۆز کردوە، کە پەیوەستن بە مافی بونیادەم و شکۆی مرۆڤ. ئەم شیکردنەوەیە لەقازانجی دەرچونی بریارەکە نوسراوە،  بۆ ئەوەی پشتیوانییەکی ئاینیی بە بریارەکاوە بلکێنرێت.

٤: دادگا حکومەتی فیدراڵی پەیوەستکرد بە خەرجکردنی موچەی سەرجەم فەرمانبەران و خانەنشینان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە، هاوتای عێراق (اسوە بڕقرانهم) واتە کوتومت وەکو باقی فەرمانبەرانی تری عێراق ، لە چوارچێوەی جێگیرکردنی موچە، کە بەعەرەبی پێی دەڵێن تەوتینی راتب  . ئەمەش مانای خەرجکردنی کۆی موچەیە  بەبێ لێبرین کە پێی دەڵێن پاشەکەوتکردن ،

 دەبێت موچە مانگانە بدرێت و لەھەمان کات موچەش زیاد دەکرێت هاوتای موچەی حکومەتی فیدراڵیی  دەبێت .

سەرنجی کۆتایی:
دەقی نوسراوی بریاری دادگا لەم رۆژانەدا بە واژووی سەرجەم دادوەرانەوە دەردەچێت ، نیەتی دادگا چارەسەرکردنی کێشەی موچەخۆرانی هەرێمەو چاوەروان دەکرێ ، پێگەی دەستوریی هەرێم و وەزارەتی دارایی هەرێم پارێزراو بێت .
لە کۆتایدا بە هیوام خەیاڵ پڵاو نەبم و چاوەروانیەکەم بێتە دی..

زیاتر