لە کاتێکدا ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژانە لە ھەرێم ڕۆژانە نزیکەی ٣٠ کەسێک دەکوژێت و بڵاوبوونەوەشی نەک تەنھا بەردەوامە بەڵکو لە دۆخێکی ھێجگار ترسناکدایە، لەوکاتەدا ھەستنەکردن بە بەرپرسیاریەت و گاڵتەکردن بە ژیانی خەڵک، لەلایەن ئۆرگان و کەسایەتییە حیزبییەکانەوە لە چڵەپۆپەدایە. کۆکردنەوەی ئەو ژمارە زۆرە لە خەڵک بۆ یادکردنەوەی ڕیفراندۆم لە ھەولێر لەلایەن ڕێکخراو و ئۆرگانە حیزبیی و حکومییەکانەوە نیشاندەری ئەم ڕاستییە ترسناکەن. یادکردنەوەی یەکێک لە کارەساتە سیاسییە ھەرە گەورەکانی دونیای دوای ڕاپەڕین، کارەساتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی بێپلان و بێستراتیژ و بێبیرکردنەوە، کە بناغە سەرەکییەکەی سایکۆلۆژیای شەخسیی سەرۆکی پارتی خۆی بوو.
وەکچۆن ڕیفراندۆم کردەیەکی سیاسیی پێشوەخت دۆڕاو و نابەرپرسیاربوو، پابەستبوو بە تێنەگەیشتن لە سادەترین پێدراوە سیاسیی و ئیقلیمیی و جیھانییەکان. بەھەمان شێوە یادکردنەوەی ڕیفراندۆمەکەش بەو شێوەیەی لە ھەولێر بینیمان، لەناو ئەم پەتا ترسناک و بەربڵاوەی کۆرۆنادا، لە ھەمان نابەرپرسیارێتیی و تێنەگەیشتنەوە سەرچاوەی گرتوە. ھەردووکیان دوو دەرکەوتی نابەرپرسیاری ئیشکردنی ھەمان عەقڵیەت و ھەمان تێنەگەیشتنی سیاسییە.
کۆرۆنا ھەڕەشەیەکی گەورەیە بەقەبارەی ھەڕەشەی ئەو عەقڵیەتە سیاسییە حوکمڕانەی لە ھەرێمدا دەستبەکارە و گاڵتەکردن بە ژیانی خەڵک بەشێکی گرنگ و بنەڕەتیەتیی. یادکردنەوەی ھەڵە بە ھەڵە و نابەرپرسیارێتیی بە نابەرپرسیارێتیی ئەو ھەڵسوکەوتەیە بەردەوام لەم فۆرمە لە حوکمڕانیی و لەم تایپە لە سیاسییەوە دەیبینین. ڤلادیمێر لینینی سەرکردەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر، لە وتەیەکی زۆر بەناوباگدا دەڵێت ”سیاسیی باش ئەو کەسە نییە کە ھەڵە ناکات، بەڵکو ئەو کەسەیە کە ھەڵەی ستراتیژیی ناکات“. ھەم ڕیفراندۆمەکە خۆی و ھەم یادکردنەوەی لەناو ئەم پەتای کرۆنایەدا، ھەڵەی سادە و ئاسایی نین و نەبوون، بەڵکو ھەڵەی ستراتیژیی و زەبەلاحن. ھەڵەیەک کە تەنھا لە نەزانین و نەخوێندەوارییەوە نایەن، بەڵکو لە گاڵتەکردن بە ژیان و لە بێنرخ و بێبەھاکردنی ژیان و گوزەرانی مرۆڤەکانەوە سەرچاوەدەگرێت. ھەر سیاسەتێک ڕێزی مرۆڤ و ڕێزی ژیانی لانەبێت، ئەو ھەڵانەی کە ئەنجامیانئەدات، ھەڵەی ستراتیژیی دەبن.
ئەم وێنانە لەناو ئەم پەتای کۆرۆنادایە حیکایەتی ئەو بێڕێزیی و بێنرخکردنەی مرۆڤ و ژیانمان نیشانئەدات.