ئایا دەبێت چی بکرێت؟ کاتێک ئیفلاسکردنی هەمەلایەنە حوکمڕانە.
12/08/2020
|
1542 جار خوێندراوەتەوە
لە بەشی یەکەمی ئەم وەڵامەدا لەوە دوام کە پرسیاری ”ئایا دەبێت چی بکەین؟“ پرسیارێکی لێنینیە، بەڵام وەڵامدانەوەی لە ئێستادا، وەڵامدانەوەیەکی لێنینی نییە. باسم لەوەشکرد ئەو فۆرمەی دەسەڵات کە لە ھەرێمدا سەروەرە بەبێ فشار، فشاری بەردەوام و ھەمەجۆر، فشاری گەورە، ئامادە نییە دەسکاریی ھیچ ڕەھەندێک لە ڕەھەندە وێران و مافییایەکانی ئە و حوکمڕانییە بکات.
باسی ئەوەشم کرد دانانی فشاریش پێویستی بە کاری پێکەوەیی و دوورکەوتنەوە لە وەھمی فریادڕەسبوون و تاکە پێشڕەو ھەیە. پێویستی بە یەکخستن و کۆکردنەوەی خاڵەکانی بەرگریی و بەیەکەوە گرێدانی فۆرمە جیاوازەکانی ناڕەزاییەتیی و دروستکردنی تۆڕی پەیوەندیی ھەمەلایەن و کۆکردنەوەی ھەوڵەکان ھەیە لەناو ”بلۆکێکی مێژوویی“دا کە بتوانێت ڕووی لە ئاسۆیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ئابوریی نوێ بێت و ئەو بۆشاییە سیاسییە گەورەیە پڕبکاتەوە کە لە ھەرێمدا دروستبووە،
ئەوەی دەمەوێت لێرەدا زۆر بە کورتی باسیبکەم ئەو ڕاستییەیە کە ئەو فۆرمە لە حوکمڕانیی کە لە ئێستای ھەرێمدا سەروەرە فۆرمێکە ناتوانێت ھیچ کێشەیەک لەو کێشە گەورانە چارەسەر بکات کە خۆی بەرھەمیھێناون. ئەم حوکمڕانیی خراپتر دەبێت باشتر نابێت، قەیرانەکانی قووڵتر و ھەمەلایەنتر دەبنەوە، کەمتر نابنەوە. لە ھەر شوێنێکەوە دەست بۆ ڕیفۆرمکردن ببات بەشێک لە خۆی دەڕوخێنێت و زیاد لە بکەرێکی ناو سیستمەکە پەکدەخات.
لەڕووی واقیعییەوە ئەوەی ئێستا لە ئارادایە ”ئیفلاسکردنێکی سەرتاسەریی“ ھەموو ڕەھەندەکانی ئەم حوکمڕانییەیە.. ئیفلاسیی ئابوریی، ئیفلاسی سیاسیی، ئیفلاسیی ئایدیۆلۆژیی، ئیفلاسیی دەزگایی، لە سەروی ھەموانیشەوە ئیفلاسیی سەرجەمی ئەو بکەر و کەسایەتییە سیاسییانەی کە کرۆکی ئەزموونەکە پێکدەھێنن. ئەوەی ئەم گەڕەلاوژەیەی ڕاگرتوە تەنھا ھێزە، ھێزی ڕووت، ھێزی سەربازیی و ئەمنیی و پۆلیسیی، ھێزی یەکەی تایبەت و بەڵتەجیی ڕێکخراو، لە مێژە ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانیی حیکایەتێکی نەماوە بە خەڵک و کۆمەڵگای بدات، ئەوەی ئەوان دەیڵێن کۆمەڵگا وەک درۆ و خورافەت مامەڵەی دەکات.
بە کورتیی، ئەوەی ھەیە و حوکمڕانە، ھێزی ڕووتە لە دەرەوەی ھیچ حیکایەت و بەسەرھاتێکی ئادیۆلۆژیی قابیلی باوەڕپێکردن، ئەوەشی ڕووبەڕووی دەبنەوە کۆمەڵگایەکی لاوەزکراوە کە جگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسیی شتێکی تری لەبەردەمدا نەماوەتەوە. کۆمەڵگیەک بۆ بژێو، ئاسایش، تەندروستیی، خوێندن وسەرجەمی پێداویستییە ھەرە سەرەتاییەکانی تری ژیان، پابەست بەو حوکمڕانانە کراوەتەوە و ڕووتکراوەتەوە لە ھەر توانایەکی ناوەکیی و سەربەخۆ ی خۆژێنیی و سەربەخۆبوون.
ئەوەی ئێستا دەیبینن و ئەزموونی دەکەین، بەرامبەر یەکتری وەستانی دوو ھێزی جیاوازە: لە سەرێکەوە ھێزی گەورەی ناڕازییبوون و توڕەیی و وەڕسییە لەلایەن خەڵکەوە، بەرامبەر بە ھێزی دەسەڵاتێک کە کۆڵەکەی سەرەکیی مانەوەی ھێزی سەربازیی و ئەمنییە. ئەم دۆخەش لەزۆر ڕووەوە دۆخی ئەگەرێکی بەھێزی تەقینەوە و بەریەککەوتنی ھەمەلایەن و گەورەیە، تیاید ئەوەندەی لە ”جەنگی گشت دژ بە گشت“ نزیکدەبینەوە، باوەڕناکەم، لە ھیچ شتێکی دیکە نزیکببینەوە.
وەکچۆن، لای تۆماس ھۆبز، بۆ دەرچوون لە شەڕی گشت بەرامبەر بە گشت ”کۆنتراکتی کۆمەڵایەتیی“ پێویستە، ئەم دۆخەش پێویستی بە ”کۆنتراکتێکی کۆمەڵایەتیی نوێ“ ھەیە، تیایدا ڕێکەوتن ھەبێت لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ئەوەی دروستکراوە و داڕشتنەوەی بەشێوەیەک ڕێ لە دروستبوونەوەی ئەو کێشانە بگرێت کە ئەمڕۆ لە ئارادان. بۆ ئەمەش دیسانەوە ”بلۆکێکی مێژوویی“پێویستە تیایدا عەقڵانیەت چوبێتە شوێنی پاراستنی دەسکەوت و قازانجی بنەماڵەیی و خێزانیی و سوڵتانیی.
وێنەکە: مامۆستایەک و ھاوسەرەکەی و منداڵەکانی ناڕەزایی دەردەبڕن لە شەقڵاوە.
|