سۆرانی  |  بادینی  |  English      

نیشتیمان... کام نیشتیمان؟

مەریوان وریا قانع

مامۆستای زانکۆ
  05/08/2020  |    625 جار خوێندراوەتەوە
بۆچونی کانت و مارکس و ڤیگۆ دەربارەی نیشتیمان

”لەدوای ماکیافیلییەوە، فەیلەسوفی ئەڵمانی ئیمانۆیل کانت کۆنکریتر و وردتر باس لە خۆشەویستیی نیشتیمان دەکات. کانت خۆشەویستیی نیشتیمان وەک بەھایەکی میتافیزکی نابینێت، یاان وەک شتێکی سروشتیی و غەریزیی، بەڵکو گرێیئەداتەوە بە مەرجی بوون و ئامادەگیی ”دەستورێکی ئازاد“ەوە. دەستورێک کە ئینسانەکان لە حوکمی ”دەسەڵاتی پاتریارکیی“ ڕزگاربکات و ”دەسەڵاتێکی نیشتیمانیی“ دروستبکات. بەم مانایە خۆشەویستنی نیشتیمان دەبێت بە دیاردەیەکی سیاسیی و لەوەدەکەوێت دیاردەیەکی سروشتیی یان غەریزیی یان میتافیزیکیی بێت. لە دیدی کانتدا حکومەتی پاتریارکیی، بە مانای حکومەتێکی باوکسالارانە، حکومەتێکی ستەمگەرە. ئەم ستەمگەرییە لای کانتیش دیسانەوە پەیوەندی بە ئازادییەوە ھەیە، چونکە حکومەتی پاتریارکی حکومەتێکە ئازادیی زەوتدەکات. دەسەڵاتی پاتریارکیی دەسەڵاتێکە خەڵک وەک منداڵێکی بچووکی کەم ماف و بێتوانا و ناکامڵ مامەڵەدەکات، وەک عەوامێکی نەزان. بۆیە دەسەڵاتداران لەباتی گەڕانەوە بۆ خەڵک، خۆیان ھەموو بڕیارەکان دەردەکەن. دەسەڵاتی پاتریاریکیی کەس لە نیشتیماندا لە خۆی بە پڕفامتر و عاقڵتر و لێزانتر نازانێت. خۆی وەک تاکە حەکیم و خەڵک وەک نەزان و گەمژە و بێعەقڵ مامەڵەدەکات. بۆیە لە دیدی کانتدا بوونی دەستورێکی ئازاد، کە ڕێزی لێبگیرێت و تیایدا ماف و ئەرکەکان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەستنیشانکرابێت، مەرجی سەرەکی دروستبوونی نیشتیمانێکی ڕاستەقینەیە. ئەمەش بەبێ گواستنەوە لە ”دەسەڵاتی پاتریارکییەوە“ بۆ ”دەسەڵاتێکی نیشتیمانیی“ کاری نەکردەیە.

کارل مارکسیش لە کتێبی ”مانیڤێستی کۆمۆنیست“ دا ماناکانی نیشتیمان بەشێوەیەک ڕێژەیی دەکات و بەشێوەیەک دەیبەستێتەوە بە ئامادەگیی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بنەڕەتییەوە، بەو دەرەنجامە دەگات کە ”کرێکاران نیشتیمانیان نییە“. مەبەستی مارکس لە بێنیشتیمانبوونی کرێکاران ھۆشیارکردنەوەی کرێکارانە لەو مانا درۆزنانەی کە دەکرێت بە نیشتیمان ببەخشرێت. لە دیدی مارکسدا ئەو نیشتیمانانەی کرێکارانی تێدادەژین، نیشتیمانی ڕاستەقینەی ئەوان نییە، بەڵکو سەرزەمینی ئەو ھێزە باڵادەستانەیە کە ئەوانی تێدا دەچەوسێننەوە و کەسانێکی زۆرتریش ھەژاردەخەن و نامۆیان دەکەن. نامۆکردنی مرۆڤەکان چ لە خۆیان وەک بوونەوەری ئینسانیی و چ لەو دونیایەش تیایدا دەژین، وەک شوێنی پیادەکردنی جەوھەری ڕاستەقینەی خۆیان. لای مارکس نیشتیمان بۆئەوەی ببێت بە نیشتیمان پێویستی بە لابردن و کۆتاییھێنانی تەواوەتی بە ھەژاریی و چەوساندنەوە و نامۆبوون ھەیە.

خاڵی ھاوبەش لە دیدی ئەم سێ فەیلەسوفە جیاوازەدا ، ماکیافیلیی و کانت و مارکس، ئەوەیە نیشتیمان پێدراوێکی بێمەرج نییە، پارچەیەک زەوی نییە ئینسان بەشێوەیەکی غەریزی و خۆبەخۆ خۆشیبوێت، شوێنێک نییە تەنھا گۆڕی باپیران و شەھیدان و ھاوڕێکانی لێبێت و ئەم شتانە وابکەن ئینسان خۆشیبوێت. ئەوەی نیشتیمان لای ئەم فەیلەسوفانە دەکات بە نیشتیمان ڕەگە ئەتنیی و دینیی و نەتەوەییەکان نییە، بەڵکو بوونیەتی بە سەرزەمینی ئازادیی و دادپەروەریی و یەکسانیی مرۆڤەکان لەگەڵیەکدا، بونیەتی بە شوێنی ڕێزگرتنی مرۆڤەکان. بوونیەتی بەسەرزەمینی دەزگا و ئەخلاق و سەرکردەی ڕاستەقینە. وەک ڤیکۆ دەڵێت نیشتیمان دەبێت شوێنێک بێت کورتنەبووبێتەوە بۆ شوێنی ”قازانج و سودی کۆمڵێک خێزان و سەرکردە“.

چەند پەرەگرافێک لە وتاری ”نیشتیمان...کام نیشتیمان؟“ کە لە ساڵی ٢٠٠٤ دا نوسراوە و لە کتێبی ”سیاسەت و دونیا“ دا بڵاوکراوەتەوە.
زیاتر