دەربارەی یاسا و یاساشکێنی

مەریوان وریا قانع

مامۆستای زانکۆ
  04/03/2021  |    1134 جار خوێندراوەتەوە
کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و چالاکەوان لە بادینان زۆر بێباک و نادادپەروەرانە بەناوی یاساشکێنییەوە داورەیدەکرێن. تۆڕێک لە شەقاوە لە سلێمانی پلانی بە چەقۆ پەلاماردانی دکتۆر غالب محەمەد دەکێشن و لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا برینداریی دەکەن. بەپێی زیاد لە ھەواڵێک  خەریکە کەیسی ئەم شەقاوانە دادەخرێت و بەشداربوانی تاوانەکە دادگایی ناکرێن، یان دادگایکردنەکەیان بەلاڕێدا دەبرێت. 

لە ھەردوو دۆخەکەدا دەسەڵاتێکی سیاسیی ئامادەیە کە لە پەیوەندییەکی تەواو ئامرازیدایە لەگەڵ یاسادا. واتە یاسا وەک ئامرازێک بەکاردەھێنێت بۆ بەرگریکردن لە قازانج و خواست و سایکۆلۆژیا و دەسکەوتە تایبەتەکانی خۆیان و سزادانی ھەرکەسێکیش بە مەترسیی بزانن بۆسەر خۆیان. لە یەکەمیاندا داوای داوەریکردنی کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و چالاکەوانی مەدەنیی دەکرێت، لە دووھەمیاندا داوای داوەرینەکردنی گروپێکی تێوەگلاو لە تاوانەوە دەکرێت. لە ھەردوو دۆخکەشدا لۆژیکی بەڵتەجیی سەرەوەرە و ھێز دەستنیشانی ئەوەدەکات دادگا چی ئەنجامبدات و چیش بەجێبھێڵێت. 

ئەم گفتوگۆیەی فوکۆ و چۆمسکی، کە یەکەێکە لە بەناوبانگترین گفتوگۆ فیکرییەکانی سەدەی بیستەم، دەشێت شتێکمان لەسەر پەیوەندیی نێوان یاسا و یاساشکێنی وەک ھەڵسوکەوتی ئەخلاقیی و ئینسانیی ڕاستەقینە پێبڵێت. لەم گرتە ڤیدیۆییەدا، کە بەشێکی گفتوگۆکەیە، چۆمسکی زۆربەی کات قسە دەکات و پێ لەسەر چەند خاڵێکی گرنگ دادەگرێت کە دەکرێت بەم شێوەیە کورتیانبکەینەوە:

١- نابێت مرۆڤ بەردەوام ئەوە قبووڵبکات کە دەوڵەت و دەسەڵاتداران دەستنیشانی ئەوەبکەن چی یاساییە و چی نایاسایی. ئەم قبووڵنەکردنەش دەشێت فۆرمی ”یاخیبوونی مەدەنیانە“ یان ”گوێڕایەڵینەکردنی مەدەنیانە“  بگرێتەخۆی. 

٢- ھەندێکجار لادان لە یاسا، گوڕێڕایەڵنەبوون بۆ دەسەڵاتداران و دەوڵەت، تاکە کردەیەکی ئەخلاقیی ڕاستەقینەیە بشێت مرۆڤ ئەنجامیبدات. ئەمەش لەو کاتانەدا کە یاسا بۆ مەبەستی درێژەدان بە تاوان و کاری خراپ، یان بۆ شاردنەوە و داپۆشینی خراپەکاریی، بەکاردەھێرنێت. 

٣- دەوڵەت یان حوکمڕانان دەتوانن شتێک بە نایاسایی لە قەڵەمدبەن،  بەڵام ئەم بە نایاسیی لەقەڵەمدانە، ھەڵە و ناڕاستە و قابیلی قبووڵکردن نییە. 

٤- ئەوە کارێکی یاسایی و ئەخلاقیی و ڕاست و دادپەروەرانەیە، خەڵک بە جۆرێک ھەڵسوکەوتبکەن، ڕێگربت لەوەی دەوڵەت یان حوکمڕانان بتوانان کاری تاوانکارانە ئەنجامبدەن.
زیاتر