سۆرانی  |  بادینی  |  English      

‏ پارتی: هێزێک بێ هیچ حەرامێکی سیاسیی

مەریوان وریا قانع

مامۆستای زانکۆ
  05/09/2020  |    1906 جار خوێندراوەتەوە

یەکێک لە ئاکارە هەرەسەرەکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە کە هیچ حەرامێکی سیاسیی ناناسێت، سنوورێکی نییە ڕایبوەستێنێت لەوەی شتێک، چەندە ناکۆکیش بێت بە گوتارە رەسمییەکانی، ئەنجامنەدات

ئەم هێزە ئەمڕۆ شتێک دەڵێت سبەی پڕوپاگەندە بۆ پێچەوانەکەی دەکات. پارتی هێزێک نییە هیچ فیکر و پرنسیپ و ئایدیۆلۆژیا و حەرامێکی هەبێت، نە سیستمێکی فیکریی، نە سیستمێکی ئەخلاقیی و نە سیستمێکی ڕەمزیی هەیە، سنوورێک بۆ هەڵسوکەوتەکانی دابنێت .

پارتی هێزێکە بێ هیچ تە فسیرکردنێک بۆ جیهان، بۆ خۆی، بۆ مێژوو، بۆ ئەو شتانەی ئەمڕۆ دەیانڵێت و سبەی پشتیان تێدەکات .

پارتی جگە لە ئامرازێک، ئامرازێکی بێ بینین و بێ یاداوەریی، شتێکی زیاتر یان کەمتر نییە .

لەدوای ڕاپەڕینیشەوە ئەم ئامرازە بە تەواوی کەوتۆتە دەستی بنەماڵەی بارزانی و لە دوای هاتنەکایەی ئابوریی نەوتیشەوە بووە بە موڵکی شەخسی ئەوان

پارتی هێزێک نییە لە ڕێگای بنەماڵەی بارزانییەوە حوکمبکات، بەڵکو هێزێکە بنەماڵەی بارزانی بەهۆیەوە حوکمڕانیی دەکات. مەسەلەکە بوونی بەرنامە و جیهانبینییەکی سیاسیی نییە پارتی بیەوێت لەڕێگای بنەماڵەی بارزانییەوە پیادەیبکات، بەڵکو پارتەکە خۆی بە ئامرازێکە ئەو بنەماڵەیە بەکاریدەهێنێت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی و حوکمڕانیکردنی

ئەمەش وادەکات پارتی وەک حیزب خاوەنی سنوور و حەرام و حەڵاڵ و سیستمێکی رەمزیی نەبێت کە ئاراستەی کار و کردەوە و بڕیارەکانی بکات، ئەوەی ئاراستەی دەکات سایکۆلۆژیای کەسایەتییە سەرەکییەکانی بنەماڵەی بارزانی وپاراستنی قازانج و دەسکەوت و هەیمەنەی ئەو بنەماڵەیەیە   .

ئەم دۆخە وادەکات ئەم هێزە تەنانەت دیدێکی بۆ خۆشی نەبێت لە دەرەوەی خواست و ویستی بنەماڵەی بارزانیدا، ئەوەی هەیەتی ئەم بنەماڵە و ئەوەیە کە ئەو بنەماڵەیە بەڕاستیی دەزانن .

ئەمە وادەکات تاقە حەرامێک هەیانبێت، حەرامی ڕەخنەکردن و بەرپرسیارکردن و لێپرسینەوەیە لە بنەماڵەی بارزانی، چ لەناو حیزبەکە خۆیدا چ لەدەرەوەیدا

ئەمە وایکردوە ئیشی ئەم حیزبە لە پەیوەندیدا بە هێزە سیاسییەکانی تری کوردستان و بە کۆمەڵگای کوردییەوە، کورتببێتەوە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی هێز و دەسەڵات بە قازانجی پارتیی، کە بە پلەی یەکەم لە پاراستنی هەیمەنەی بنەماڵەی بارزیندا خۆی نمایشدەکات   .

ئەم دۆخەیە، بۆ نموونە، وادەکات چەند ساڵێک لەمەوبەر ڕیفراندۆم بکات و عێراق بە دوژمنی ژمارە یەکی خەڵکی کوردستان بزانێت و واینیشنبدات کورد لە بەردەم ئەگەری ئەنفالێکی تردایە لەلایەن عێراقەوە، کەچی ئەمڕۆ، سەد و هەشتا پلە بابداتەوە و باس لەوەبکات شانازیی بە عێراقیبوونی خۆیان و خەڵکی کوردستانەوە دەکەن   .

پارتی هێزێکە بێ هیچ حەرامیێکی سیاسیی و سیاسەتی دابڕاویش لە حەرامی سیاسیی، سیاسیەتێکی تەواو ترسناک و وێرانکەرە .

زیاتر